کرواتیا کۆچبەر دیپۆرتی بۆسنە دەکاتەوە

08-04-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کرواتیا کۆچبەران دیپۆرتی بۆسنە دەکاتەوە، حکومەتی بۆسنەش بەهۆی نەبوونی زانیاریی کەسی لەبارەی کۆچبەرەکانەوە بەشێکیان زیندانی دەکەن.
 
ئێلڤێدین سدیق، سەرۆکی شارەوانیی بیهاچ/بۆسنە دەڵێت، "دەبێت ئەوە بزانین ئەو شتانە لەگەڵ یاساکانی بۆسنەدا یەکناگرنەوە. رێگەمان بە دروستکردنی بەندینخانە لەنێو کەمپی کۆچبەرەکاندا نەداوە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی ئاسایشی بۆسنە، کرواتیا بە پشتبەستن بە رێککەوتنێکی نێوانیان، هەر کۆچبەرێک لە بۆسنەوە بچێتە نێو کرواتیا دەیگەڕێنێتەوە.
 
ئەمەش بەشێک لەو سیاسەتە تووندەی دژە کۆچبەرییەیە کرواتیا دوای ئەوەی لە 1ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ چووە ریزی وڵاتانی شنگنەوە، پەیڕەوی دەکات.
 
کۆچبەر کە زۆرینە ئەفغانستانی، کوبایی، مەغریبی و رووسین، دەگەنە بۆسنە. دواتر لە شاری بیهاچەوە هەوڵی چوونە کرواتیا دەدەن.
 
وەزارەتی نێوخۆی کرواتیا دەڵێت، دوای بوونە بەشێک لە وڵاتانی شنگن، چوونی کۆچبەر بۆ وڵاتەکەیان 800% زیادیکردووە، بەڵام 90%یان ئامانجیان رۆژئاوای ئەوروپایە.
 
کۆچبەران لە کرواتیاوە دەچنە سلۆڤینیا، وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 5162 کۆچبەر چوونەتە وڵاتەکە و رێژەکە بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 300% زیادیکردووە.
 
ئامانجی زۆربەی کۆچبەران گەیشتنە بە نەمسا و ئیتاڵیا و لەوێوە بەرەو فەرەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوای ئەوروپا.
 
رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا سیاسەتێکی خۆسەپێن بەسەر بۆسنەدا پەیڕەو دەکەن و ناچار بە وەرگرتنەوەی کۆچبەرانی دەکەن.
 
پیتەر رۆساندی، سەرۆکی رێکخراوی مرۆیی بالکان رۆت دەڵێت، "ئەمە ئەو شێوازەیە دیپلۆماسیی رۆژئاوا بەسەر بۆسنەدا پەیڕەوی دەکات، بەتایبەت نەمسا."
 
ئێستا سلۆڤینیا، کرواتیا و بۆسنە ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بۆ رێگەگرتن لە لێشاوی کۆچبەران خستووەتە گەڕ، تاوەکو وەکو رێگەیەک بۆ گەیشتنی کۆچبەران بە ئیتاڵیا و نەمسا سەیر نەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە