رووداو دیجیتاڵ
زیلینسکی سەربازە موسڵمانەکانی ئۆکراینا خەڵات دەکات و رێوڕەسمێکی ساڵانە بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە رادەگەیێنێت کە سەرۆکی ئۆکرایناش تێیدا بەشدار دەبێت.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئێوارەی هەینی (8-4-2023) لە رێوڕەسمێکدا ژمارەیەک سەربازی موسڵمانی لە کیێڤی پایتەختی وڵاتەکەی خەڵات کرد و رایگەیاند، لەمساڵ بەدواوە "بۆنەیەکی تایبەتی رێزگرتن" لە مانگی رەمەزان رێکدەخرێت و سەرۆکی وڵاتیش تێیدا بەشدار دەبێت.
رێوڕەسمەکە لە کاتی بەربانگ لە ناوەندی تەتەری کریمیا بەڕێوەچوو. زیلینسکی سوپاسی موسڵمانانی جیهانی کرد کە وەکو خۆی دەڵێت، لە جەنگی ئۆکراینا دژی رووسیا وەستاونەتەوە.
زیلینسکی باسی لە نیمچە دوورگەی کریمیا کرد کە شوێنی دێرینی موسڵمانانی تەتەرە و گوتی، "لە سەردەمی سۆڤیەتدا رووبەڕووی جیاکاری بوونەتەوە".
سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "با لەبیرمان نەچێت، هەوڵی رووسیا بۆ بەکۆیلەکردنی ئۆکراینا لە داگیرکردنی کریمیا، سەرکوتی ئۆکراینییەکان، تەتەرەکان و موسڵمانانی کریمیا دەستیپێکرد". بۆیە، زیلینسکی جەختی لە "ئازادکردنی" ئۆکراینا لە دەستی رووسیا کردەوە.
ئەوە لەکاتێکدایە، لە ساڵی 2014ـەوە رووسیا دەستی بەسەر نیمچەدوورگەی کریمیادا گرتووە.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی یەک ملیۆن موسڵمان لە ئۆکراینا هەن کە زۆربەیان تەتەری کریمیا و هاووڵاتیی وڵاتانی دیکەن کە چەندین ساڵ و دەیە لەمەوبەر کۆچیان بۆ ئەو وڵاتە کردووە و تێکەڵی کۆمەڵگەی ئۆکراینی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ