بزنمژەیەک خۆی دەکات بە مارکێتێکدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ڤیدیۆیەکدا کە رۆژی سێشەممەی رابردوو تۆمار و بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە لە یەکێک لە مارکێتەکانی تایبەت بە کەلوپەلی خواردن، بزنمژەیەک کە درێژییەکەی 1.8 مەتر دەبێت، خۆی دەکات بە مارکێتەکەدا و "بەدوای خواردندا دەگەڕێت".

 

لە یەکێک لە مارکێتەکانی شاری پاتۆمی تایلاند، کارمەندەکان بزنمژەکەیان بینیوە کە لەناکاو چووەتە ژوورەوە و بە رەفەکانی مارکێتەکەدا سەردەکەوێت، کارمەندەکانیش ئەو دیمەنەیان بە مۆبایلەکانیان تۆمارکردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردووەتەوە.

 

 
وەکو لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت، بزنمژەکە دەچێتە لای بەفرگرەکان و هەوڵی کردنەوەی دەدات، بەڵام ناتوانێت دەرگای بەفرگرەکە بکاتەوە و دواتر دەچێتە سەر ئەو رەفانەی خواردنیان لەسەر رێز کراوە و خواردن و کەلوپەلەکان دەخاتە خوارەوە.

 

 
ستاف و ئەو خەڵکەی بە مەبەستی کڕین چوونەتە مارکێتەکە، تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون و خۆیان لەپشت مێز و رەفەکانی مارکێتەکە دەشارنەوە و سەیری بزنمژەکە دەکەن لەکاتێکدا بەنێو مارکێتەکەدا دەگەڕێت و خواردن و خواردنەوە لەسەر رەفەی مارکێتەکە فڕێدەداتە خوارەوە.

 

دواجار کارمەندێکی مارکێتەکە تەلەفۆن بۆ پۆلیس دەکات، بۆئەوەی بەهانایان بچن. پۆلیس لەگەڵ تیمی تایبەت چوونە مارکێتەکە و بزنمژەکە لە مارکێتەکە دووردەخەنەوە.