رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەکاتی هەولێر جۆ بایدن بۆ پێشکێشکردنی گوتاری ساڵانەی گەیشتە هۆڵی کۆنگرێس و باسی لە پرسە هەنووکەییەکانی نێوخۆی ئەمریکا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان کرد.
ئەندامانی کۆنگرێس بە چەپڵەڕێزان و سێڵفیگرتن لەگەڵی، پێشوازییان لە سەرۆکی ئەمریکا کرد.
گوتارەکە لە ژێر ناونیشانی "باری یەکگرتوویی" بوو و هەموو سەرۆکێکی ئەمریکا (جگە لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتیی) ساڵانە تێیدا باس لە دۆخ و ئاڵنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی بەردەم وڵاتەکەی دەکات.
جۆ بایدن، لە گوتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر ئابووریی ئەمریکا، جەنگی رووسیا – ئۆکراینا، دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی، جەنگی غەززە بەتایبەتی، پرسی کۆچبەران و چەند پرسێکی دیکە.
بایدن لەبارەی جەنگی ئۆکرایناوە گوتی، "هەر کەسێک وابیربکاتەوە ڤلادیمیر پووتین بە ئۆکراینا دەوەستێت، من دڵنیاتان دەکەمەوە کە ناوەستێت، بەڵام ئەگەر هاوکاریی ئۆکراینا بکەین، لە رووسیا دەباتەوە."
گوتیشی: "پەیاممان بۆ پووتین ئەوەیە کە ئێمە ناکەوین، من ناکەوم ."
سەرۆکە تەمەن 81 ساڵەکەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئازادی و دیموکراسی لەنێوخۆی ئەمریکا و دەرەوەشدا لەژێر هەڕەشەدان.
دوێنێ ئولف کریستەرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە و لەدوای ئەوە، سوێد بە فەرمی بووە 32ـەمین ئەندامی ناتۆ.
جۆ بایدن لەوبارەیەوە گوتی، "ئەمڕۆ ئێمە ناتۆمان لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێزتر کردووە. ساڵی رابردوو پێشوازیمان لە فینلاند کرد بۆ نێو هاوپەیمانیەتییەکە، ئەم بەیانییەش بەشێوەیەکی فەرمی سوێد بووە بەشێک لە هاوپەیمانیەتییەکە."
ئابووریی ئەمریکا
بایدن باسی لە ئابووریی ئەمریکا کرد و گوتی کاتێک دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، "ئابوورییەکی پەککەوتووم بۆ مابوویەوە، ئێستا هەموو جیهان ئیرەیی بە ئەمریکا دەبەن."
هاوکات، شانازیی خۆی دەربڕی بەوە، "بە فەراهەمکردنی 15 ملیۆن دەرفەتی کار لە تەنیا سێ ساڵدا ریکۆردمان تۆمار کرد."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە بۆ ئەوەی "بەهێزترین ئابووریمان لە جیهاندا هەبێت، دەبێت بەهێزترین پەروەردەمان هەبێت."
پرسێکی دیکە کە بایدن تیشکی خستە سەر، پرسی یاسای کۆچبەران بوو.
لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپی رکابەری بانگەشەی ئەوە دەکات، لە ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی ئەمریکا، کۆچبەران دیپۆرت دەکاتەوە، بایدن پێیوایە، "ئەمریکا خاکی هەموو کەسێکی سەر زەوییە. خەڵکی بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان دێنە ئەمریکا. ئەمە ئەمریکایە."
داواشی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کرد، "بێتە پاڵم و بەیەکەوە یاسای کۆچبەری تێپەڕێنین."
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگی غەززە
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەیدا باسی لە جەنگی غەززە کرد کە ماوەی پێنج مانگە بەردەوامە.
جەنگەکە بە هێرشێکی لەناکاوی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد؛ نزیکەی 1200 کەس لە ئیسرائیل کورژران و نزیکەی 250 کەسیشی بەبارمتە گرت.
لە تۆڵەی هێرشەکدا، ئیسرائیل لەو رۆژەوە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا سەرووی 30 هەزار کەسی کوشتووە کە "زۆربەیان سڤیلن."
بایدن گوتی، 7ـی ئۆکتۆبەر "لەدوای هۆڵۆکۆست خوێناویترین رۆژ بوو بۆ جووەکان."
جەختیشی لەوە کردەوە: "ناوەستین تاوەکو هەموو بارمتەکان رزگار نەکەین."
لەبارەی ئەگەری ئاگربەستیش لە غەززە، بایدن گوتی کە بەبێ وچان کاری کردووە بۆ ئەوەی ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی لە غەززە رابگەیێندرێت.
بایدن ئاماژەی بەوە کرد، حەماس دەیتوانی بە چەکدانان، ئازادکردنی بارمتەکان و رادەستکردنی ئەوانەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر بەرپرس بوون بگاتە ئاگربەست.
بایدن دەڵێت، "بەرپرسیارێتییەکی بنچینەییمان هەیە لەوەی خەڵکی سڤیلی بێتاوان لە غەززە بپارێزین."
باسی لە ژمارەی قوربانییانی غەززە کرد و گوتی، هەموو شەڕەکانی فەلەستین کۆبکەیتەوە ئەوەندەی ئەم شەڕە قوربانییان نەداوە؛ "زۆربەی ئەو ماڵانەی بۆردوومان دەکرێن حەماس نین."
بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە، لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی ئەو ناوچەیەی فەلەستین 1.8یان ئاوارە بوون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، 576 هەزار کەس کە دەکاتە یەک لەسەر چواری غەززەییەکان لە برسێتی کوشندەدا دەژین.
ئەو هاوکارییەی کە ئێستا بە خەڵکی سڤیلی غەززە دەگات، زۆربەی لە رێگەی فڕۆکەوە بە پەرەشووت لە کەناراوەکان بەردەدرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا گوتی، "فەرمان بە سوپای ئەمریکا دەکەم پێشڕەویی ئەرکێکی بەپەلە بکات بۆ ئەوەی بەندەرێکی کاتی لە کەناراوەکانی غەززە بکاتەوە بۆ ئەوەی خۆراک و هاوکاری بگەیێندرێتە غەززە."
هاوکات، بایدن لەبارەی ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هێرشەکانی دەریای سوور بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانیش قسەی کرد.
بایدن لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکە، گوتی: "دروستکردنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مانای ئەوەیە کە رێگە لەو هەڕەشەیە بگرین کە لەلایەن ئێرانەوە دروستکراون."
هەرلەبەر ئەوە "من هاوپەیمانێتییەکم لەگەڵ دەیان وڵات بۆ بەرگریکردن لە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی ئازادی دەریاوانی لە دەریای سوور دروستکرد."
هەر لەبارەی شەڕی دژی حووسییەکانی یەمەن، بایدن گوتی، "من فەرمانم بە هێرشکردندا بۆ ئەوەی توانای حووسییەکان کەم بکەینەوە و بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەین. من وەکو فەرماندەی گشتی، دوودڵ نابم لەوەی رێکاری زیاتری راستەوخۆ بۆ پاراستنی گەلەکەمان و سەربازەکانمان بگرمە بەر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ