سەرۆکی ئەمریکا: سەردانی پاپا فرانسیس بۆ عێراق پەیامێکی گرنگ بوو

08-03-2021
کۆشش بێستانسووری
نیشانەکردن سەردانی پاپا فرانسیس جۆ بایدن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا پێشوازیی لە سەردانە "مێژووییەکەی" پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و دەڵێت، سەردانەکە پەیامێکی "گرنگ"ی ئاشتی و برایەتیی گەیاند.

جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان رایگەیاندووە "بینینی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ شوێنە دێرینە ئایینییەکان، لەنێویاندا شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم [بەپێی ئینجیل]، کۆبوونەوە لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە نەجەف و ئەنجامدانی نوێژ لە موسڵ، ئەو شارەی کە چەند ساڵێک پێش ئێستا بەدەست گەندەڵی و نالێبوردەیی گرووپی وەکو داعش دەیناڵان، سومبولی هیوایە بۆ تەواوی جیهان".

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە 5ی ئادار بۆ 7ی ئادار سەردانێکی سێ رۆژەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییە ئەمنی و تەندروستییەکان.

دوای تەوابوونی سەردانەکەی پاپا فرانسیس لە تویتێکدا نووسی "کەنیسە لە عێراق زیندووە، مەسیح زیندووە"، لە دوایین تویتیشیدا ئاماژەی بەوە کرد "عێراق هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە. برا و خوشکانی ئەزیز، داوا لە هەمووتان دەکەم پێکەوە کار بکەن".

بەیانیی رۆژی یەکشەممە 7ی ئاداری 2021، پاپا فرانسیس لە بەغداوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەوە یەکەم سەردانی پاپا بوو بۆ هەولێر و وەکو سەردانێکی مێژوویی دەبیندرێت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکاتی پێشوازی لێکردنی ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین و... هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین." 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پاپا فرانسیسی راگەیاند، "بەناوی هەرێمی کوردستانەوە زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی قەداسەتی پاپا فرانسیس دەکەین.. سەردانیان رووداوێکی مێژوویی مەزنە و جێگەی ئەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییە. ئێمە بە هەموو پێکهاتەکانی کوردستانەوە شانازی بە سەردانەکەی دەکەین. بڕوای تەواومان بە ئازادی و فرەئایینی هەیە". 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، لێبووردەیی، پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردنی نێوان پێکهاتەکان، ناسنامە و کولتووری کوردستانییانە. نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی گوت، بە هەموو توانایەکیانەوە بەرگری لەو پێکەوەژیانە دەکەن و "هەمیشە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگداین".

دوای گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پاپا فرانسیس لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە، پاپا فرانسیس سوپاسی سه‌رۆك بارزانیی كردووە‌ بۆ پاراستنی پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا لەبارەی پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان ئاماژەی بەوە کرد، پەیامی خۆشەویستی و لێبووردەیی پاپا فرانسیس و ئەو پێشوازییەی لێیکرا، پابەندیی ئەوان دووپاتدەکاتەوە بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی هەژاران، پەراوێزخراوان و ئەوانەی چەوساونەتەوە.
 
لە تویتەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، پێکەوە دەوەستین بۆ بەرگری لە ئازادیی ئایینی و جیاوازییەکان، ئەوەش لەلایەن چەندین نەوەوە بەردەوامی هەبووە، دواترینیان دانانەوەی خاچی سەر کەنیسەیەکی باشیک لەلایەن "پێشمەرگە قارەمانەکانەوە".

لە سەردانەکەیدا بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق پاپای ڤاتیکان لەگەڵ چەندین کەسایەتیی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و سەردانی چەندین شوێنێکی مێژووییشی کرد، لەنێویاندا شاری مێژوویی ئوور کە بەپێی ئینجیل وەکو شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم (د. خ) ناسراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.