رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پڕۆژە بڕیارێکی لە دژی ئێران پەسند کرد کە تێیدا داوا لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەکات سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 8-2-2024، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پڕۆژە بڕیارێکی لەبارەی زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدراوان بە تایبەتی کەیسی لەسێدارەدانی محەممەد قوبادلۆ-وە خستەڕوو و تێیدا پەرلەمان داوا لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا دەکات "سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە."
پڕۆژە بڕیارەکە بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پەسند کرا، بەڵام بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە دەبێت کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا پڕۆژە بڕیارەکە پەسند بکات و ببێتە بڕیار.
لەو پڕۆژە بڕیارەدا، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، پاڵپشتی بەردەوامی خۆی بۆ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" دەردەبڕێت و سەرکۆنەی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە کردووە؛ لەوانەش لەسێدارەدانی محەممەد قوبادلۆ، کە 23ی مانگی رابردوو بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپێشاندانەکانی 2022ی ئێران دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لەسێدارەدرا.
هاوکات، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا داوا لە تاران دەکات سزای لەسێدارەدان بە تەواوی لەو وڵاتە نەمێنێت و ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، سزاکانیان کەمبکرێنەوە. هەروەها، پەرلەمان دەیەوێت بەبێ مەرج و دەستبەجێ هەموو کەسێک ئازاد بکرێت کە "بە ئارەزوو" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و بە هاووڵاتیانی یەکێتی ئەوروپاشەوە، لەنێویاندا ئەحمەدرەزا جەلالی و یۆهان فلۆدێروس.
بەگوێرەی پڕۆژە بڕیارەکە، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، پێویستە ئەنجوومەنی یەکێتییەکە سزای زیاتر بەسەر ئەو بەرپرسانەی ئێراندا بسەپێنێت کە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە گلاون، لەنێویشیاندا رابەری باڵا، سەرۆک و داواکاری گشتی ئەو وڵاتە.
دوایین بەشی پڕۆژەبڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا بریتیبوو لەوەی کە داوا لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە دەکات ڤیزە و مافی پەنابەریێتی و مانەوەی لەناکاو بەو کەسانە بدات کە لە ئێران هەڵدێن.
بە گوێرەی ئاماری پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، پار لە ئێران 800 کەس لە سێدارەدران و 500ی دیکەش بە تەقەی هێزە ئەمنیەکان و لەنێو خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا کوژران. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، کانوونی دووەمی ئەم ساڵ 54 کەس لەو وڵاتە لەسێدارەدراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ