بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ شوێنگرتنەوەی هاوپەیمانان لە عێراق نیشاندەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە شوێنی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بگرێتەوە و توانای شەڕکردنی هێزەکانی عێراق بەهێز بکات.
 
ئەلێکساندەر کینشاک، بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد لە رۆشنایی ئەو داواکارییانەی لە بەغدا بۆ کشانەوەی هێزەکانی بیانی پێشکێشکراون، رووسیا ئامادەیە یارمەتی بەهێزکردنی هێزەکانی عێراق بدات.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی سپۆتنیکی وڵاتەکەی، ئەو بەرپرسەی رووسیا دەڵێت، "رووسیا بەردەوام پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکات کە عێراق بۆ گەرەنتیکردنی سەقامگیری و ئاسایش و یاسا و سیستەم لەو وڵاتە دۆستە دەیدات."
 
دەشڵێت، "رووسیا ئامادەیە بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی تواناکانی شەڕکردن بەتایبەت لەنێو چوارچێوەی هێزەکانی ئاسایشی عێراق."
 
ئەو بەرپرسەی رووسیا باسی لەوەکردووە کە عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بەشێوەیەکی سەربەخۆ توانای چارەسەرکردنی دۆسییە هەڵپەسێردراوەکانیان هەیە، بۆ گەرەنتیکردنی ئاسایش.
 
هەروەها باسی هێزەکانی ئەمریکاشی لە عێراق کردووە و دەڵێت: "بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکەکەیان تەنیا دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی سەربازی و سیاسیی ئەو وڵاتە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخەکە لە هەموو ناوچەکە دەبێت."
 
رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە دوو راگەیێندراوی جیاوازدا باسیان لە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گۆڕینی سرووشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دوو قۆڵی" کرد، دوای ئەوەی رۆژی پێشووتر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق نامەیەکی لە ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق وەرگرت کە بە"گرنگ" ناوی هێنا.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە 2003ـەوە لە عێراقن، بەڵام ناوە ناوە گۆڕانکاری بەسەر ئەرک و کارەکانیاندا هاتووە، لە 2018 بە فەرمی ئەرکی سەربازیی هێزەکانیان لە عێراق گۆڕا بۆ راوێژکاری.
 
ئێستا ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازیشی لەسووریا هەن.
 
گوشاری گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر عێراق بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان زیادیان کرد دوای ئەوەی لە 2020 بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هەریەک لە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی لە بەغدا کوژران.