سەلوان مۆمیکا بۆ سوێد: لەسەر دژایەتیی ئیسلام بەردەوام دەبم، ئەگەر دەتوانن رادەستی عێراقم بکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی کۆچی سوێد بڕیاردا سەلوان مۆمیکا، لەو وڵاتە دەربکات بەپاساوی پێشکێشکردنی زانیاریی ناڕاست لە کاتی داواکردنی مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە. مۆمیکاش لە وەڵامی بڕیارەکەی دادگەی کۆچی سوێد دەڵێت، "من لە سوێد دەمێنمەوە و ئەگەر دەتوانن رادەستی عێراقم بکەنەوە." 
 
دادگەی کۆچی سوێد ئەو تێهەڵچوونەوەیەی کە سەلوان مۆمیکا لە دژی بڕیارێکی دادگە بۆ رەوانەکردنەوەی دەریکردبوو، رەتکردەوە، رەوانەکردنەوەی مۆمیکا بە پاساوی ئەوەیە ئەگەری هەیە لە عێراق تاوانی کردبێت بەتایبەت ئەو کاتەی کە لە نێو میلیشیاکان دا بووە، بەڵام سەلوان ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
 
لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی کۆچی سوێد، سەلوان مۆمیکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وای نووسی" من لە سوێد دەمێنمەوە سەرباری هەموو شتێک، دژی دەزگای کۆچی سوێد و دادگە دەوەستمەوە، ئەگەر دەتوانن رادەستی عێراقم بکەنەوە فەرموون بیکەن."
 
هەروەها لە بێدەربەستییەکی زۆر روون بە بڕیارەکەی دادگە و دەزگای کۆچی سوێد دەڵێت، "ئەگەر رادەستم نەکەنەوە هەموو بڕیار و لێدوانەکانتان بۆش دەبێت و هیچ بەهایەکییان نییە."
 
سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەی لە سوێد دەژێت، ساڵی رابردوو چەند جارێک قورئانی پیرۆز، وێنەی بەشێک لە رێبەر و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی سووتاند، دژایەتیی سەرسەختی خۆی بۆ قورئان و ئیسلام نیشاندا.
 
بەهۆیەوە دوای کاردانەوەی زۆری رەفتارەکانی فەرمانگەی کۆچی سوێد، رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، رایگەیاند، بڕیاریداوە مافی مانەوە بۆ سەلوان مۆمیکا پەناخوازی عێراقی لە سوێد نوێ ناکاتەوە و لە سوێد نامێنێت.
 
سەلوان مۆمیکا، رۆژی 8ـی شوباتی 2024، لەبارەی نوێترین بڕیاری دادگەی کۆچی سوێد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "با هەمووان بزانن، گووشارەکانتان رێگریم لێ ناکەن، بەردەوام دەبم لە دژایەتیکردنی ئیسلام و بەرگریکردن لە سوێد و ئەوروپا، بۆ چەند مانگێک رووبەڕووی گووشاری زۆر بوومەتەوە، لە شوقەکەم دەرتانکردم، هەژمارە بانکییەکانی منتان داخست، مافی مانەوەتان هەڵوەشاندەوە، دادگەکانتان لایەنگرە و بێ لایەن نییە."
 
سەلوان مۆمیکا  رۆژی چوارشەممە، 28-6-2023، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، سەلوان مۆمیکای پەناخوازی تەمەن 37 ساڵی عێراقی، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دواتر سێ جاری دیکە دووبارەی کردەوە، رەفتارەکەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و تەنانەت ئەوروپاشی نیگەران کرد، بەهۆیەوە لە عێراق هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە و سووتێندرا و عێراق باڵیۆزی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە و داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەش کرد عێراق بەجێبهێڵێت.
 
سەلوان سەباح مەتی مۆمیکایە، لەدایکبووی 23-06-1986ـی شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوایە، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. خۆی بە نووسەر و بیرمەند و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، هەرچەندە لە نەتەوەی سریانە، بەڵام لە ساڵی 2019ـوە خۆی وەکو 'بێ دین' ناساندووە.
 
سەلوان، کە لەلایەن دادگەکانی عێراق داواکراوە و عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی لە سوێد کردووە، پێشتر لە بەغدا ژیاوە، دوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵانی 2016 و 2017 گرووپێکی چەکداریی بەناوی "کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان" و پارتی یەکێتیی سریانیی دیموکراتی دامەزراندووە.