هەڵبژاردنی پاکستان؛ سەرۆکوەزیرانێک لە زیندان و یەکێکیش لە زیندانەوە بۆ هەڵبژاردن


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ خۆرهەڵاتن لە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، بە ملیۆنان پاکستانی دەچنە سەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێ، ئەوەش دوای نزیکەی دوو ساڵ لە دوورخستنەوەی عیمران خان لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی و زیندانیکردنی.
 
دوانزدەیەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی پاکستان لەبەردەم هەڕەشەی هێرشی تیرۆریستی، راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت، کێشەی یاسایی، زیندانیکردن و گەڕانەوەی سیاسەتڤانان بەڕێوەدەچێت. 
 
"دەستپێکی هەڵبژاردن بە هێرشی تیرۆریستی"
 
کاژێری 08:00ـی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، بەکاتی پاکستان دەرگەی بنکەکانی هەڵبژاردنەکان کرانەوە ئەوەندەی نەبرد، لەشاری دیرە ئیسماعیل خان، لە نێوەڕاستی پاکستان لە هێرشێکدا، کاروانێکی هێزە ئەمنییەکان کە سەرقاڵی پاراستنی بنکەکانی هەڵبژاردن بوون، کرایە ئامانج و ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا. ئەمەش لەدوای ئەوەی دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنەکانیش لە پارێزگەی بلوچستان، لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی 28 کەس کوژران. 
 
"راگرتنی هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایل"
 
پێش دەستپێکی پرۆسەی دەنگدانیش، دەسەڵاتدارانی پاکستانی هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایلیان راگرت، وەک رێکارێکی ئەمنی هەروەها بۆ رێگەگرتن لە ساختەکاری. 
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری پاکستان، نەواز شەریف، دوای ئەوەی ساڵێک لەمەوبەر لە بەریتانیاوە گەڕایەوە بۆ پاکستان، چاوەڕێ دەکرێت پارتەکەی (کۆمکاری موسڵمانی پاکستان) زۆرینەی 336 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکە بەدەست بهێنێت و شەریفیش جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکوەزیران. 
 
"گەڕانەوەی نەواز شەریف و دوورخستنەوەی عیمران خان"
 
شەریف کە لە ساڵی 2018 بە تۆمەتی گەندەڵی سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا،لە ساڵی 2019 بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رێگەی پێدرا بچێتە لەندەن و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە بەریتانیا مایەوە.
 
پار، بەپێی بڕیارێکی تایبەتی دادگەی باڵای پاکستان، رێگەدرا شەریف بگەڕێتەوە بۆ پاکستان. 
 
ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی پێشووتری پاکستان، عیمران خان، سەرۆکی پارتی تەحریک ئینساف، بە تۆمەتی گەندەڵی و ئاشکراکردنی زانیارییە نهێنییەکانی دەوڵەت سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی پاکستانیش بەفەرمی خانی لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوورخستەوە.

 

 
هەروەها لە سزایەکی دیکەشدا، لەگەڵ هاوژینەکەی بووشرا بیبی، سزای 14 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا. 
 
بەگوێرەی پارێزەری عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستان هێشتا 170 تۆمەتی لەسەرە تاوەکو ناوی خۆی پاکبکاتەوە و ئازاد بکرێت. 
 
"هەڵبژاردنی پاکستان بە ژمارە"
 
بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە،  128 ملیۆن پاکستانی مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی 5 هەزار کەس خۆیان بەربژێر کردووە کە 313یان ئافرەتن. هەروەها زیاتر لە 90 هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری پاکستان کراونەتەوە.
 
ئەو بەربژێرانە کێبڕکێ لەسەر 336 کورسیی دەکەن. بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی پاکستان، 60 کورسیی بۆ کۆتای ئافرەتان و 10ـی دیکەش بۆ کۆتای کەمینەکانە.