ترەمپ سوورە لەسەر کڕینی گرینلاند
رووداو دیجیتاڵ
سەردانی ترەمپ جونیەر، کوڕە گەورەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گرینلاند باس و خواسی کڕینی دوورگەکەی لەلایەن سەرۆکی داهاتووی ئەمریکاوە ئەوەندەی دیکە گەرم کردووە.
چەند کاژێرێکیش دوای سەردانەکە، دۆناڵد ترەمپ کە 11 رۆژی دیکە وەکو سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار دەبێت، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا خواستی وڵاتەکەی بۆ کڕینی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکە دووپاتکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، "لەراستیدا، ئێمە گرینلاندمان بۆ ئاسایشی نیشتمانی پێویستە. ماوەیەکی زۆر پێش ئێستا ئەوەیان پێگوتم. خەڵک زۆر لەمێژە باس لە گرینلاند دەکەن. نزیکەی 45 هەزار کەس لەوێ دەژین، خەڵک هەر ئاگاداری ئەوە نین کە دانیمارک هیچ مافێکی یاسایی بەسەریەوە نییە، بەڵام ئەگەر ئەو مافەشی هەبێت، دەبێت وازی لێبهێنێت، لەبەر ئەوەی ئێمە بۆ ئاسایشی نیشتمانی پێویستمان پێیەتی."
ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2019، خواستی وڵاتەکەی بۆ کڕینی هەرێمەکە راگەیاندبوو.
قەبارەی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییەکە 2.16 ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشە و جگە لە سامانی ماسی، بە نەوت، گاز، یۆرانیۆم، زێڕ و ئەڵماس دەوڵەمەندە.
گرینلاند کەوتووەتە جەمسەری باکوور، لەڕووی جیۆسیاسییەوە گرنگە. دانیمارکیش رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری ببێت.