ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی چینەوە بۆ 126 کەس بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
تیمەکان لە هەرێمی تبتی چین بەردەوامن لە گەڕان بەدوای قوربانیانی بوومەلەرزە بەهێزەکەی شەوی رابردوودا و تاوەکو ئێستا تەرمی 126 کەس لەژێر داروپەردووی بینا رووخاوەکان دۆزراونەتەوە.
هەرێمی تبت لە چین دەکەوێتە نزیک زنجیرە چیای ئێڤێرێست. شەوی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.1 پلە بە پێوەری رێختەر هەژاندی، جگە لەو ژمارە لە گیانلەدەتدان، 188 کەسی دیکەش بریندار بوون و زیاتر لە 3000 بینا و باڵەخانەش رووخاون یان زیانیان بەرکەوتووە.
پلەی گەرما لەو ناوچەیەی بوومەلەرزەکە تێیدا روویداوە لە شەودا لەنێوان 8 بۆ 16 پلە ژێر سفرە، هەڵمەتێکی بەرفراوانیش بۆ رزگارکردنی ئەوانە دەستیپێکردووە کە هێشتا لەژێر باڵەخانە رووخاو و زیانبەرکەوتووەکاندا ماون.
بوومەلەرزە لەو ناوچەیەی چین شتێکی باوە، بەڵام بوومەلەرزەکەی دوێنێ یەکێک بووە لە مەرگەساتبارترین بوومەلەرزەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردووی چین، کە هێندە بەهێز بووە لە نیپاڵ و چەند ناوچەیەکی هیندستانیش هەستی پێکراوە.
سانگژی دانگژی خاوەنی سوپەرمارکێتە و زیان بە شوێنی کارەکەی گەیشتووە، دەڵێت، خانووەکان لەو ناوچەیەی چین لە قوڕ و بەرد دروستکراون، هەربۆیە کاتێک بوومەلەرزەکە روویداوە ژمارەیەکی زۆر لە خانووەکان رووخاون.
بەپێی میدیای فەرمیی چین، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 609 بینا و باڵەخانە تۆمارکراون کە رووخاون و زیانیان بەرکەوتووە، هەزاران کەسیش بەهۆی رووخانی ماڵەکانیان یان بەرکەوتنی زیان بە ماڵەکانیان، بێلانەن.
لە چەند کاژێرێکی دوای بوومەلەرزە بەهێزەکە زیاتر لە 40 پاشلەرزە روویانداوە.