ئیلۆن مەسک: مادەی هۆشبەر بەکارناهێنم

08-01-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان رەتیدەکاتەوە مادەی هۆشبەری بەکارهێنابێت و راپۆرتی رۆژنامەیەکی ئەمریکی لەوبارەیەوە بە "بێ بەها" ناودەبات.
 
رۆژی یەکشەممە 07-01-2024 رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیاکانی تێسلا بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی و، سپەیس ئێکس بۆ بواری بۆشایی ئاسمانی، بەکارهێنەری مادەی هۆشبەرە، ئەوەش بەڕێوەبەرانی لەو دوو کۆمپانیایە نیگەران کردووە. رۆژی دواتر ئیلۆن مەسک راپۆرتەکەی ئەو رۆژنامە ئەمریکییەی رەتکردەوە.
 
مەسک دەڵێت، تەنانەت بەدواداچوونی بۆ ئەو بڕە مادەیەش نەکردووە کە لە سیستمەکەیدا دۆزراوەتەوە لە ماوەی سێ ساڵ پشکنینی هەڕەمەکیی ناسا. ئەوەش دوای ئەوەی کە مەسک لە پۆدکاستێکدا بە ئاشکرا ماریوانای کێشاوە.
 
ئیلۆن مەسک، کە هاوکات دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "دوای ئەو مژە لەگەڵ راگۆن (پێشکێشکاری پۆدکاستەکە)، رازی بووم بەوەی ناسا بۆ سێ ساڵ پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەرم بۆ بکات."
 
مەسک راپۆرت رۆژنامەڤانییەکەی بە تووندی رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "هیچ بەها و ناوەڕۆکێکی تێدا نییە."
 
هاوکات بەرپرسانی باڵا لە دوو کۆمپانیا زەبەلاحەکەی مەسک نیگەرانییان دەربڕیوە لە "بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە" وەکو رۆژنامە ئەمریکییەکە لە راپۆرتەکەیدا باسی کردووە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، بەڕێوەبەران لە کۆمپانیای سپەیس ئێکس ترسیان هەبووە لە کاتی کۆبوونەوەکانیاندا، مەسک لەژێر کاریگەریی مادەی هۆشبەردا بووبێت.
 
بەڕێوەبەرانی تێسلاش هەمان نیگەرانییان دەربڕیوە، بەتایبەتی کاتێک مەسک لە ساڵی 2018ـدا لە پۆستێکی ئێکس رایگەیاند، بیر لەوە دەکاتەوە کۆمپانیای تێسلا بکاتە تایبەت.
 
ساڵی 2018 لە پۆدکاستێكدا مەسک لەگەڵ پێشکێشکارەکە بە هاوبەشی ماریوانای کێشا و دواتر رایگەیاند، دەرمانی کێتامینی وەرگرتووە کە تایبەتە بە سڕکردن و کێشانی ماریوانایەکە لەژێر کاریگەریی ئەو دەرمانەدا بووە.
 
ئەو رەفتارەی مەسک وایکرد ناسا، کە هاوبەشیی لەگەڵ سپەیس ئێکس هەیە، پشکنینێکی سێ ساڵی دەستپێبکات لەبارەی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لە کۆمپانیای سپەیس ئێکس.
 
تێچووی پشکنینەکەی ناسا 5 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام هێشتا ئەنجامەکانی رانەگەیاندوون.
 
مەسک پێشتر رایگەیاندبوو، دوای ساڵێک لە پۆدکاستەکە، داوا لە کارمەندانی هەردوو کۆمپانیاکەی کراوە بۆ ماوەی ساڵێک پشکنینی مادەی هۆشبەر بکەن.
 
دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دەشڵێت، سپەیس ئێکس هاوبەشێکی ناسا بووە و هەردوولا باوەڕی تەواویان بە یاسا هەیە. گوتیشی: "خۆشبەختانە حەزم لە بەکارهێنانی مادە نایاساییەکان نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو هاونیشتمانییەکە کە ئاژانسی تاوانی نیشتمانیی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە

دوو هاونیشتمانی بە بردنی کۆچبەران بۆ بەریتانیا بە تاوانبار ناسێندران

دوو کوردی دانیشتووی بەریتانیا لە دادگەیەکی ئەو وڵاتە دانیان بەوەدا نا کە خەڵکیان بە قاچاخ بردووەتە ئەو وڵاتە. ئاژانسی تاوانی نیشتیمانیی بەریتانیا دەڵێت، قاچاخچییەکان چەندین ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش بە کۆچبەران کردووە و زۆربەی کۆچبەرەکانیش گەیشتوونەتە بەریتانیا