یەکێتیی ئەوروپا: کۆچبەر نەبن لە برسان دەمرین
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ، رایگەیاند گەورەترین کێشەی ئەوروپا رووبەڕووی بووەتەوە، هەڵکشانی تەمەنی هێزی کارە، ئەگەر کۆچبەران ئەو بۆشاییە پڕ نەکەنەوە، "ئەوروپا لە برسان دەمرێت."
رۆژی دووشەممە، 8ی کانوونی دووەمی 2024، ئێلڤا جۆهانسن، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ، لەکاتی سەردانی بۆ یۆنان و تاوتوێکردنی پرسی کۆچبەران لەو وڵاتەدا، گوتی ساڵانە لە ئەروروپا بە ملیۆنان هێزی کار کەم دەبنەوە، بۆیە زیادکردنی وەرگرتنی کۆچبەری یاسایی یەکێک دەبێت لەو رێگەیان دەکرێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
کۆمیسیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "راستییەکەی ئەوەیە، بەبێ کۆچبەران لە برسان دەمرین، لەبەرئەوەی ئێمەش پێویستمان بۆ کۆچبەران هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی رێکخراو، ئەمەش رێگەیەکە دەبێت پێکەوە بیگرینەبەر."
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری ناوخۆ، ساڵی 2023 زیاتر لە 281 هەزار کۆچبەری نایاسایی روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە کە زیاتر لە 252 هەزاریان لە رێگەی دەریاکانەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا و نزیکەی 29 هەزاری دیکەش لە رێگەی وشکانی.
ئێلڤا جۆهانسن رایگەیاند، لەگەڵ داواکردنی وەرگرتنی زیاتری کۆچبەر، دەبێت رێکارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی باندی قاچاخچێتی تووندتر بکەن و گوتی، "دەبێت ئێمە ئەوانە وەرنەگرین کە قاچاخچێتیی بەکاردەهێنن و زۆربەی کاتیش ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، دەبێت ئێمە رێگری لەو دیاردەیە بکەین و قاچاخچییەکانیش دەستگیر بکەین، بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەش پێویستیمان بە هاوپەیمانێتییەکی جیهانی لەدژی باندەکانی قاچاخچیی و دانانی یاسایەکە بۆ ئەو دیاردەیە".
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخرای کۆچی نێودەوڵەتی - IOM، ساڵی رابردوو زیاتر لە 155 هەزار لەو کۆچبەرانەی چوونەتە ئەوروپاوە، روویان لە ئیتاڵیا کردووە و لەدوو ساڵی رابردوودا زۆرترین کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە.