لە پاکستان بۆمب بە پاسێکی پۆلیس دەتەقێتەوە؛ پارێزگارییان لە تیمی کوتانی ئیفلیجیی منداڵان دەکرد

08-01-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن تەقینەوە
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

بۆمبێک لە نزیک پاسێکی پۆلیسی پاکستان کە پارێزگارییان لە تیمێکی تەندروستیی تایبەت بە کوتانی دژی ئیفلیجیی منداڵانیان دەکرد، تەقییەوە و لە ئەنجامدا پێنج پۆلیس کوژران و 22ـی دیکە بریندار بوون.
 
رۆژی دووشەممە، 8-1-2024، ئەنوەرول حەق، بەرپرسێکی حکومیی شاری باجوور لە پاکستان رایگەیاند، "بۆمبێک لە نزیک پاسێکی پۆلیس تەقییەوە کە 25 پۆلیسی هەڵگرتبوو و تیمێکی کوتانی ئیفلیجیی منداڵانیان دەپاراست لەئەنجامدا پێنج پۆلیس کوژران.
 
بەگوێرەی ئیسرار ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی ئەو شارە، تەقینەوەکە لە پارێزگای خەیبەر پاختونخوا لە نزیک سنووری ئەفغانستان بووە.

 

تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیاریێتیی ئەو رووداوەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لە رابردوودا گرووپی تاڵیبانی پاکستان ناسراو بە تەحریکی تاڵیبان چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر تیمەکانی کوتانی ئیفلیجیی منداڵان.
 
بەپێی دەنگۆیەکی پشتڕاستنەکراوە، ئەو گرووپە گومانی ئەوە دەکەن ڤاکسینەکان چەند مادەیەکی وەرگیراو لە کحوول و گۆشتی بەرازیان تێدابێت، بۆیە ناهێڵن منداڵان بکوترێن.
 
دکتۆر وەزیر خان، بەرپرسی نەخۆشخانەی دی ئێچ کیو دەڵێت، 12 بریندار چارەسەرکراون و 10 بریندارەکەی دیکە لەبەر سەختیی برینەکانیان بە هێلیکۆپتەر رەوانەی نەخۆشخانەی پێشاوەر دەکرێن.
 
وەزارەتی تەندروستیی پاکستان ئەمڕۆ هەڵمەتی کوتانی دژی ئیفلیجی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 5 ساڵ دەستپێکرد و، تائێستا لەو ناوچەیەی تەقینەوەکەی لێ روویداوە، هەڵمەتەکە وەستاوە.
 
تەحریکی تاڵیبانی پاکستان، گرووپێکی سەربازییە و سەر بە تاڵیبانی ئەفغانستانە، ئەو گرووپە لە ساڵی 2007 دامەزراوە و لە ساڵی 2021 یارمەتییدەری سەرەکیی تاڵیبانی ئەفغانستان بوون بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات.
 
تەحریکی تاڵیبان نزیکەی 10 هەزار ئەندام و چەکداری هەیە و بە فەرمی لەلایەن پاکستان، ئەمریکا، بەریتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە گرووپێکی "تیرۆریستی" ناسێندراوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.