بەهۆی نەبارینی بەفر ناوەندەکانی خلیسکێنە لە سویسرا بە بارهەڵگر بەفری چیاکان دەبەنە ناوەندەکانیان

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیارانی ناوەندێکی خلیسکێنە لە سنووری شاری لایسنی سویسرا، لە بەرزایی شاخەکانەوە بە بارهەڵگر بەفریان بۆ ناوەندەکەیان بردووە، ئەوەش بەهۆی نەبارینی بەفر لە ئەمساڵدا.
 
ئەوانەی خولیایان خلیسکێنەی سەر بەفرە، ئاستەنگیان بۆ دروستبووە و دەڵێن، وەکو ساڵانی پێشوو ناتوانن چێژ لەو وەرزشە وەربگرن.
 
ئەلێکسس بۆتەرۆن، گەشتیار دەڵێت، "بەفرەکە دەستکردە، بۆیە تەواو گونجاو نییە بۆ خلیسکێنە، بەڵام خۆشە، لەگەڵ هاوڕێیانمان خۆشی دەبینین. شوێنەکە بە باشی ئامادەکراوە، بەڵام پێشتر کەش بۆ خلیسکێنە خۆشتر بوو."
 
لایسن 1,260 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ساڵانە لە مانگەکانی کانووی یەکەم و دووەمدا لانیکەم 80 سانتیمەتر بەفری لێدەبارێت، بەڵام ئەمساڵ نەک تەنیا بەفر نەباریوە، بەڵکو لە سەرەتای ئەمساڵدا 20 پلەی سیلیزی تۆمارکراوە و کەشەکە زیاتر لە بەهار دەچێت.
 
پاسکاڵ سکۆردێرێت، گەشتیار دەڵێت، "هەندێک لە بەفرەکە سرووشتییە، بەڵام ئەوی دیکە بەفری کۆکراوەیە. ئێستا بەهۆی پلەی گەرماوە ناتوانن بەفری زیاتر بهێنن. ئەگەر بەیانیان بێیت بۆ خلیسکێنە، لەوانەیە باشتر بێت، بەڵام نیوەڕوان دەڵێی بەهارە."
 
بایەکی تاڕادەیەک گەرم، بارانی زۆر و نەبارینی بەفر، بەشێکی ناوەندەکانی خلیسکێنەی لە سویسرا ناچار بە داخستن کردووە.
 
هەرچەندە ژمارەی گەشتیار لە سەری ساڵدا 3% زیادیکردووە، بەڵام چالاکییەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر ئەمساڵ 8% بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمبوونەتەوە. ژان مارک، شاخەوان نیگەرانە لەبارەی ئەوەی چی بەسەر کەشوهەوا و داهاتوویان دێت.
 
بەگوێرەی پەیمانگەی سنەو ئەڤلانچ ریسێرچ، لە ساڵی 1971ـەوە ئاستی بارینی بەفر لە سویسرا دابەزیوە. ئەمساڵیش لە هیچکام لەو ناوەندانەی خلیسکێنە کە بەرزییەکەیان لە ئاستی رووی دەریاوە ناگاتە 2000 مەتر، بەفری پێویستیان بۆ خلیسکێنەکردن لێنەباریوە.