رووسیا: تۆڵەی کوژرانی 89 سەربازەکەمان کردەوە
رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، تۆڵەی کوژرانی 89 سەربازی رووسییان کردووەتەوە و زیاتر لە 600 سەربازی ئۆکراینییان لە دوو هێرشی جیادا کوشتووە.
رۆژی یەکشەممە 08-01-2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، دوو هێرشی مووشەکی گەورەیان کردووەتە سەر دوو باڵەخانە لە رۆژهەلاتی ئۆکراینا کە کرابوونە کامپی کاتی سەربازی و زیاتر لە 600 سەربازی ئۆکراینییان کوشتووە.
وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا ئەم هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی شارەوانیی کراماتۆرسک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا رایگەیاند، هیچ کەسێک لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر چەند باڵەخانەیەک لە ناوچەکە نەکوژراوە.
رووسیا دەڵێت، هێرشەکەیان بۆ سەر کراماتۆرسک لە "تۆڵە"ی ئەو هێرشەبوو کە سەرەتای ئەمساڵ سەربازانی رووسی لە شاری ماکیڤکا لە دۆنێتسک کردە ئامانج و 89 سەربازیان کوژراون. بەڵام بەرپرسانی ئۆکراینی دەڵێن، "ژمارەی کوژراوەکان لەوە زیاترە."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەوەشی گوت، "سەرچاوەی هەواڵگریی متمانەپێکراو"یان بۆ بە ئامانجگرتنی سەربازانی ئۆکراینی بەکارهێناوە. بەگوتەی خۆیان، زیاتر لە 700 سەربازی ئۆکراینی لە هۆتێلێک ماونەتەوە و 600یان لە باڵەخانەیەکی دیکە بوون.
رۆژی چوارشەممە 4-1-2023، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا دانی بە کوژرانی 89 سەربازی وڵاتەکەیدا نا، دوای ئەوەی چەند مووشەکێکی ئۆکراینا کامپێکی سەربازییان لە ماکیڤکا لە ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردە ئامانج. وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە دەڵێت، سەرەداوەکان ئەوە دەردەخەن کە هۆکاری ئەوەی لایەنی بەرامبەر توانیویەتی ئەو شوێنە بکاتە ئامانج، بەکارهێنانی مۆبایل بووە.
راگەیێندراوەکەی رووسیا دەڵێت: "ئەو هۆکارە رێگەی بە دووژمن داوە شوێنی سەربازان بزانێت و پێگەکەیان دیاری بکات بۆ ئەو هێرشە مووشەکییە."
مارک مایلی، سوپاسالاری هێزەکانی ئەمریکا تشرینی دووەمی 2022 رایگەیاند، 100 هەزار سەربازی رووسیا و 100 هەزار سەربازی ئۆکراینی لە دەستپێکی شەڕەوە کوژراون و برینداربوون، هاوکات ژمارەی قوربانییانی خەڵکی سڤیلیشی بە 40 هەزار کەس خەمڵاند.
کرێملین لە 21ی ئەیلوولی 2022 رایگەیاند، 5,937 سەربازیان لە دەستێکی شەڕەوە کوژراون. یوری ساک، راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رۆژی شەممە 7ی کانوونی دووەمی 2023 بە رووداوی راگەیاند، ژمارەی قوربانییانی هێزەکانیان 10 هێندەی هێزەکانی رووسیا کەمترن.