شەش رۆژنامەڤان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی میزبەخۆداکردنی سەرۆکی وڵاتێک دەستگیر دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

شەش رۆژنامەڤان لە سوودانی باشوور بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆی میزبەخۆداکردنی سەرۆکی وڵاتەکە لە مانگی رابردوودا دەستبەسەر کراون. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش داوای ئازادکردنیان لە بەرپرسانی وڵاتەکە دەکەن.
 
بەگوێرەی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان کە بنکەی سەرەکیی لە نیویۆرکە، ستافی کەناڵی SSBCی وڵاتەکە لەلایەن ئەندامانی ئاسایشی نیشتمانیی سوودانی باشوورەوە دەستبەسەر کراون.
 
کۆمیتە داکۆکیکارەکەی مافی رۆژنامەڤانان دەشڵێت، ئێستا ئەو رۆژنامەڤانانە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی مانگی کانوونی یەکەمی 2022 لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
 
ئەوکات ڤیدیۆیەکی سالڤا کییەر، سەرۆکی سوودانی باشوور لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، لە کاتی رێوڕەسمێکی فەرمیدا بە جل و کڵاوە رەشەکەیەوە لە گۆڕەپانێکدا وەستابوو، لەناکاو میزی بەخۆیدا کرد و زەویی ژێر پێکانی تەڕ بوو.
 
لای خۆیەوە کەناڵی SSBC رەتیدەکاتەوە ئەو گرتە ڤیدیۆییەی تۆمار کردبێت. 
 
موتۆکی مومۆ، نوێنەری کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەڤانان لە ئەفریقا دەڵێت، "دەبێت بەرپرسان بێ مەرج ئەو شەش کارمەندەی کەناڵی SSBC ئازاد بکەن و دڵنیایی بدەن لەوەی کە ئەوان دەتوانن بەبێ بوونی هیچ هەڕەشەی دەستگیرکردنێک لە کارەکەیان بەردەوام بن."
 
لەدوای جیابوونەوەی سوودانی باشوور لە سوودان لە ساڵی 2011دا سالڤا کییەر، کە ئێستا تەمەنی 71 ساڵە، سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی گرتە دەست.