فێستیڤاڵی شەیتان لە ئێکوادۆر سازکرا

رووداو - هەولێر

لە شاری پیلارۆی وڵاتی ئێکوادۆر فێستیڤاڵی شەیتان سازکرا، کە فێستیڤاڵێکی میللی وڵاتەکەیە و هەموو ساڵێک لە مانگی کانوونی دووەم بەڕێوەدەچێت.

ئەمساڵ سەتان کەس بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و جلی رەنگاوڕەنگ و دەمامکی ئەهریمەنیان پۆشی، جگە لە جلوبەرگەکانیش میوزیک و سەما سەرنجی هەزاران کەسیان بۆخۆیان راکێشا.

هەندێک لە بەشداربووان لە تەمەنی منداڵییەوە خولیای ئەو فێستیڤاڵەن. مارکۆ مانۆباندا، یەکێکە لەو کەسانە و دەڵێ "هەست بە دڵخۆشی دەکەیت، ئەمە شتێکە ساڵانە بە سەما دووبارە دەکرێتەوە. هەستی پێدەکەم، کە منداڵیش بووم ئەو سەمایەم دەکرد. باوکم، ئێستا مردووە، منی فێرکرد چۆن سەما بکەم. ئەویش بەمجۆرە ئەم دەمامکانەی دروستدەکرد".

چیرۆکی جیاواز لەسەر مێژووی سەرهەڵدانی ئەم فێستیڤاڵە دەگێڕدرێنەوە. مێژووناسان دەڵێن: ئەم فێستیڤاڵە بۆ یەک سەدە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک گەنجانی گوندنشین پۆشاکی ئەهریمەن و سەیریان دەپۆشی و بەم کارە سەرنجی کچانیان بۆ خۆیان رادەکێشا.


پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار