رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، لە ئەسینا-ی پایتەختی یۆنان رایگەیاند، لە نێوان تورکیا و یۆنان هیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەکرێت و گوتی: "دەمانەوێت ئیجە بکەینە دەریای ئاشتیی و هاریکاریی. دەمانەوێت وەک تورکیا و یۆنان بەو هەنگاوە هاوبەشانەی دەیاننێین ببینە نموونە بۆ جیهان". سەرۆکوەزیرانی یۆنانیش رایگەیاند، زۆر گرنگە لە دۆخێکی زۆر ئارامدا بەردەوامی بە پەیوەندییەکان بدەین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە لە چوارچێوەی پێنجەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ستراتیژی تورکیا-یۆنان بە سەردانێکی فەرمی لە یۆنانە، لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بڕیاربەدەستانی ئەم وڵاتە کۆبووەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، لە باڵەخانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد.
سەرۆککۆماری تورکیا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دوایینجار لە ساڵی 2017دا سەردانی یۆنانی کردووە و ئەمەیش لە پاش 65 ساڵ، یەکەم سەردانە لە تورکیاوە لەسەر ئاستی بانگهێشتی سەرۆکی یۆنان ئەنجام درابێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا-یۆنان، ئەردۆغان رایگەیاند: "هیوادارین لە چوارچێوەی دیالۆگی بونیاتنەر و دراوسێتی باش و یاسای نێودەوڵەتی، بە هەوڵی هاوبەش کێشەکانی ئێستامان چارەسەر بکەین".
لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی یۆنان، ئەردۆغان رایگەیاند: "سەبارەت بە هەڵوێستمان لە ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست، بیروڕامان ئاڵوگۆڕکردن. داوامان لە وەزیرانی دەرەوەمان کرد کارەکان تاوتوێ بکەن".
سەبارەت بە پرسی قوبرس، ئەردۆغان رایگەیاند، لە بەرژەوەندی هەموو ناوچەکەدایە پرسی قوبرس لەسەر بنەمای راستیی دوورگەکە بە چارەسەرێکی دادپەروەر، درێژخایەن و بەردەوام بگات. گوتیشی: "لە نێوانماندا هیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەکرێت. پێویستە تیشک بخەینە سەر وێنە گەورەکە، با لەوانە نەبین لە دەریا دەپەڕنەوە و لە چەمدا دەخنکێن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: "دەمانەوێت ئیجە بکەینە دەریای ئاشتیی و هاریکاریی. دەمانەوێت وەک تورکیا و یۆنان بەو هەنگاوە هاوبەشانەی دەیاننێین ببینە نموونە بۆ جیهان".
سەبارەت بە داخستنی کەمپی لاڤریۆن، کە بە کەمپی ئەندامانی پەکەکە ناسرابوو، رایگەیاند: "جەختم لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە زۆر بە وریایی مامەڵە بکرێت بۆ ئەوەی کەمپی هاوشێوە لە یۆنان دروست نەبێت کە دەبێتە پەناگەی تیرۆریستان".
بۆ رووداوەکانی غەززە و شەڕ و پێکدادانی ئیسرائیل-حەماس، ئەردۆغان رایگەیاند: "گۆڕانی رووداوەکان بۆ بەسزاگەیاندنی بەکۆمەڵی خەڵکی غەززە و کوشتنی 17 هەزار هاووڵاتی سڤیلی بێتاوانی فەلەستینی، ویژدانەکان ئازار دەدات".
لەلایەن خۆیەوە، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان، لەبارەی پەیوەنديیە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا رایگەیاند: "زۆر گرنگە دوو وڵات بەیەکەوە بە شێوەیەکی زۆر باش و لە دۆخێکی زۆر ئارامدا بەردەوامی بە پەیوەندییەکان بدەن. زۆر گرنگە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە".
میتسۆتاکیس ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا کۆمەڵە رەوشێک روویانداوە کە هەڕەشەن لەسەر ئاسایش و ئاشتیی و گوتی: "پێویستە دوو وڵاتی هاوسنوور شان بە شانی یەکدی و بەیەکەوە جووڵە بکەن. پێویستە هەردووکمان وەک کاپتنی کەشتییەک کە لە کەشێکی ئارامدا بە ئاوە ئارامەکاندا دەڕوات ئایندەیەکی جوان بونیات بنێین".
ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە، چەند جارێک گەیشتووەتە پێکدادانی سەربازی. ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە، سیاسی، ئابووری و چەندین رەهەندی دیکەیان هەیە. دوایینیان، بڕیاری هەردوو وڵات بوو بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانیاندا لە دەریای سپی ناوەڕاستدا. گۆڕینی ناسنامەی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت، دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردەوە. بەڵام بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات، سەرەتای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بوو، دوای ئەوەی یۆنان تیمێکی گەورەی فریاگوزاری ناردە شارە زیانبەرکەوتووەکانی باکوور و تورکیا. سەرباری سووتانی دارستانەکانی 11 پارێزگای گەشتیاریی لە هاوینی ئەمساڵدا، تورکیاش بە دوو فڕۆکە و چوار هێلیکۆپتەر و تیمێکی گەورەی ئاگرکوژاندنەوە، هاوکاری یۆنانی کرد بۆ کوژاندنەوەی دارستانەکانی ئەسینا.
لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار بەشەڕ هاتوون:
جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەلقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمی جیهانی 1914-1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون، هەردوو وڵات لە ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ، بەڵام جارێکی دیکە و ماوەیەکی کەم پاش ئەو ماوە باشییە، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوودا پەرەی سەند، لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوانیان لە 1974 بە کۆنترۆڵکردنی باکووری قوبرس لەلایەن تورکیاوە کۆتاییهات، تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداریی بەسەر ئاوی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ