وەزیری کاروباری کۆچبەرانی بەریتانیا دەستی لەکار کێشایەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆبەرت جەنریک، وەزیری کاروباری کۆچبەرانی بەریتانیا دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، لە دوای ئەوەی بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ ریشی سوناکی سەرۆکوەزیران هەبوو، لەبارەی کاراکردنەوەی بەرنامەی رەوانەکردنی پەناخوازان بۆ رواندا.
رۆژی چوارشەممە، 6-12-2023، جەنریک کە بە کەسێکی نزیک لە ریشی سووناکی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دادەنرا، لەبارەی بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکەی، نامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا رایگەیاندووە، پلانەکەی حکومەت بۆ کاراکردنەوەی بەرنامەی رواندا، دوا هیوا بووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لە وڵاتەکەی و ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە، پرۆژەیاسا نوێیەکەی حکومەت بۆ کاراکردنەوەی ئەو بەرنامەیە زۆر فراوان نەبووە و پلانەکە "زیاتر هیوا بووە نەک کردار".
هەروەها ئەو وەزیرە بەریتانییە رایگەیاندووە، پێویست بوو ئەو پلانە هەنگاوی زیاتری بهاویشتایە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکە، هەروەها دەرفەتیش نەبەخشێتە دادگە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکان تاوەکو تانە لە بەرنامەکە بگرن.
جەنریک لە درێژەی نامەکەیدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، تێیدا نووسیوویەتی، "حکومەت بەرپرسیارە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان لەسەروو لێکدانەوە جیاوازەکانی یاسای نێودەوڵەتی دابنێت. بۆیە ناتوانم ئەو پرۆژە پێشنیازکراوە رەوانەی پەرلەمان بکەم و بڕواموایە ئەو پرۆژە یاسایە، هەلێکی باشمان دەداتێ کە لەو پلانەدا سەرکەوتوو بین".
جەنریک، کە لە ساڵی 2014وە ئەندامی پەرلەمانە و سەر بە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدارە، پێش ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، وەزیری دەوڵەت بووە بۆ کاروباری نیشتەجێبوون.
جەنریک لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، وەزیری کاروباری کۆچبەران بووە و یەکێک بووە لەو بەرپرسە بەریتانیانەی لەگەڵ ئەوە بووە حکومەت سیاسەتێکی توندی هەبێت لەبەرامبەر بە کۆچبەران بەتایبەتی ئەوانەی لەرێگەی بەلەم و نۆکەندی ئینگلیزەوە دێنە وڵاتەکەوە.
رۆژی 5ی کانوونی دووەم، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا جارێکی دیکە سەردانی رواندای کرد، بەمەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ رواندا بۆ کاراکردنەوەی بەرنامەی روانەکردنەوەی پەناخوازانی بەریتانیا لە دوای ئەوەی لە 15ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دادگەی باڵای بەریتانیا، بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازانی لە بەریتانیاوە بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقییە بە نایاسایی و دژی مافەکانی مرۆڤ ناساند.
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا 13ی مانگی رابردوو، 27 هەزار و 284 کۆچبەر بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی بەریتانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە، ساڵی رابردوو، زیاتر لە 45 هەزار کۆچبەر لە نۆکەندی ئینگلیزەوە چووبوونە بەریتانیاوە.