گەورەترین مردنی بەكۆمەڵی نەهەنگ تۆماركرا
رووداو - هەولێر
لە چیللی لە کەناراوەکانی ناوچەی پاتاگونیای ئەو وڵاتە، 300 نەهەنگ بە هۆکاری نادیار چوونەتە کەنارەکان و گیانیان لە دەستداوە، ئەمەش بە گەورەترین مردنی بەکۆمەڵی ئەو گیاندارە دەریاییە دادەندرێت.
شوێنی هیچ برینێک بە جەستەی ئەو نەهەنگانەوە نەبینراوە کە گیانیان لەدەستداوە، زانایان لەهۆکاری مردنی نەهەنگەکان دەگەڕێن کە بوونەوەری دەریایین و لە جۆری مەمکدارەکانن.
هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا هۆکاری مردنی بەکۆمەڵی نەهەنگەکان دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بڕیارە وردەکاریی رووداوەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە گۆڤاری ناشناڵ جیۆگرافیک-دا، بڵاوبکرێتەوە، کە گۆڤارێکی زانستی و کولتوورییە.
بە گوتەی بەشێک لە توێژەران " پێناچێت مردنی نەهەنگەکان بەهۆی دەستوەردانی مرۆڤەوە بووبێت، هەرچەندە روونە کە هەموویان بە یەک هۆکار گیانیان لە دەستداوە".
مردنی بەکۆمەڵی ئەو نەهەنگانە لەکاتێکدایە، کە شارەزایانی ژینگەی دەریا، هۆشدارییان داوە لەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە زەریاکان پرۆسەی زاوزێی نەهەنگەکان دەخاتە ژێر مەترسییەوە.