رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا پیرۆزبایی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردن دەکات. دەشڵێت، ئامادەیە گفتوگۆی لەگەڵ بکات.
شەوی پێنجشەممە، 07-11-2024، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆڕبەندی ڤالدای لە شاری سۆچی لە باشووری رووسیا گوتی: "ئەمە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی پیرۆزبایی لەو [دۆناڵد ترەمپ] بکەم کە وەکو سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێدرا."
یەکێک لە رۆژنامەڤانەکانی نێو هۆڵەکە لە پووتینی پرسی ئایا ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ترەمپ بکات؟ سەرۆکی رووسیا گوتی: "ئامادەم."
لەبارەی ئەو لێدوانەی ترەمپ کە پێشتر گوتبووی دەیەوێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنێت و پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا چاکبکاتەوە، پووتین گوتی: "لانیکەم شایەنی ئەوەیە سەرنجی بخرێتە سەر [قسەکانی]."
رۆژی چوارشەممە، 06-11-2024، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راگەیێندراوێکی لەبارەی بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بڵاوکردەوە. رووسیا رایگەیاند: "سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە دوای چوار ساڵ، رەنگدانەوەی بێهیوایی و نائاسوودەیی گەلی ئەمریکایە لە ئەجێندای پارتی دیموکرات و ئیدارەی بایدن و هاریس."
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتیشی، دیموکراتەکان هەڵمەتێکی بەهێزی پڕوپاگەندەیان لە دژی ترەمپ کرد و میدیای لیبراڵ و ئیدارەی ئێستاش پشتیوانیی ئەو هەڵمەتەیان کرد. ترەمپ سەرنجی خستە سەر مژارە گرنگەکانی وەکو ئابووری و کۆچی نایاسایی، کە ئەمەش بەدڵی دەنگدەران بوو.
ئەو وەزارەتەی رووسیا گوتی، دەنگدەرانی ئەمریکا دابەشبوون، پشتگیریی یەکسان بۆ دیموکرات و کۆمارییەکان هەیە. تەنگژەی روون لەنێوان ئەو ویلایەتانە هەیە کە لیبراڵن و ئەوانەیشی کە پارێزگارن، لە نێوان ئەوانەیش بەشێکیان پشتیوانی لە بەهاکانی بەرەوپێشچوون و مۆدێرنە بوون دەکەن و بەشێکیشیان لە بەها کۆنەکان. دەکرێت گەڕانەوەی ترەمپ ئەم دابەشبوونە چڕتر و خراپتر بکات.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەوان پێشبینیی هیچ شتێکی گەورە لە ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێسی ئێستا ناکەن کە لەلایەن کۆمارییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە. دەستەبژێری سیاسیی ئەمریکا لە هەڵوێستی دژە رووسیا و سنووردارکردنی مۆسکۆ بەردەوامن.
رۆژی 05-11-2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەچوو، رکابەریی لە نێوان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ بوو. ترەمپی کۆماری توانی دەنگی 295 بۆخۆی زامن بکات و لە بەرامبەر 226 دەنگی کامالای دیموکرات سەربکەوێت. هەر بەربژێرێک پێویستیی بە 270 دەنگی نوێنەرە بۆ سەرکەوتن، بەمجۆرە ترەمپ سەرکەوت.
لەماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ لە 2017 بۆ 2021، ترەمپ و پووتین چەند جارێک رووبەڕوو یەکدییان بینی، لەوانەش: تەممووزی 2017 لە لووتکەی G20 لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا؛ تشرینی دووەمی 2017 لە لووتکەی ئەپێک لە شاری دانانگی ڤیێتنام؛ تەممووزی 2018 لە لووتکەی هێلسنکی لە فینلاند؛ تشرینی دووەمی 2018 لە لووتکەی G20 لە شاری بیۆنۆس ئایرێسی ئەرجەنتین و حوزەیرانی 2019 لە لووتکەی G20 لە ئۆساکای ژاپۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ