رووداو دیجیتاڵ
چەند کاژێرێک دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ، باڵیۆزی ئوسترالیا لە ئەمریکا ژمارەیەک پۆستی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سڕیەوە کە تێیدا رەخنەی تووندی لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گرتبوو.
نووسینگەی کێڤن رۆد روونیکردەوە کە "وەک رێزگرتنێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و دوای هەڵبژاردنی ترەمپ،" باڵیۆزەکە پۆستە کۆنەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سڕیونەتەوە.
نووسینگەکە دەڵێت، کێڤن رۆد "پێش ئەوەی پۆستی باڵیۆز وەربگرێت، چالاکانە تێبینی لەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ئەمریکا داوە، بەڵام پۆستە رەخنەییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سڕدراونەتەوە بۆ ئەوەی بە هەڵوێستی فەرمیی ئوسترالیا لێک نەدرێنەوە."
هاوکات، وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا رایگەیاند، کێڤن رۆد، هەندێ پۆستی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سڕیوەتەوە کە تێیدا ترەمپی بە "وێرانکەر" و "ناپاک لە بەرامبەر رۆژئاوا" وەسفکردبوو.
بەرپرسێکی وەزارەتەکە رۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان روونیکردەوە کە رۆد پۆستەکانی سڕیوەتەوە "بۆ ئەوەی ئەگەری هەڵەتێگەیشتن نەمێنێت." هەروەها باسی لەوە کرد، باڵیزۆزکە "هیودارە لەگەڵ ترەمپ و تیمەکەی کاربکات بۆ ئەوەی بەهێزبوونی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئوسترالیا بەردەوامبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ