رووداو دیجیتاڵ
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن) پابەندە بەوەی دەسەڵات بەشێوەیەکی رێکوپێک رادەستی ئیدارەی داهاتووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو بکات و سوپا خۆی لە سیاسەت بە دووردەگرێت و هەموو "فەرمانە یاساییەکان" جێبەجێ دەکات.
رۆژی سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی نوێی ئەمریکا هەڵبژێردرا.
مانگی رابردوو لە هەپڤەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤارێکی ئەمریکی، ترەمپ رایگەیاندبوو کە "ئەگەر پێویست کرا" دەبێت لە رۆژی هەڵبژاردندا سوپا بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی نەهێڵن "هەندێ خەڵکی نەخۆش و ئاژاوەگێڕی چەپی توندڕۆ" ئاژاوە بنێنەوە، کە مەبەست لێی، نەیارانی خۆی بوو.
پێنتاگۆن دەڵێت، ئۆستن لە یاداشتێکدا بە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکای راگەیاندووە: "سوپای ئەمریکا خۆی لە کێبڕکێ سیاسییەکان بەدووردەگرێت و لەسەر بنەمای یاسا و پیشەییبوون و بەردەوامدەبێت لە پشتیوانیکردن لە هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان."
هاوپەیمان و نەیارەکانی ئەمریکا وەک یەک بە وریاییەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی ترەمپ دەکەن، لە کاتێکدا کە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی ژمارەیەک رووداوی پێشبینینەکراوی بەخۆیەوەبینی.
رەخنەگرانی ترەمپ دەڵێن، لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا لە ساڵی 2017 تا 2021، ترەمپ بە شێوەیەکی ئاشکرا هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی سیاسیی سوپای داوە، لە کاتێکدا دەبێت دڵسۆزیی سوپا تەنیا بۆ دەستووری ئەمریکا بێت نەک پارت و سەرکردە سیاسییەکان.
ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا باسی لە "هەبوونی دوژمنی نێوخۆیی" کرد.
ئۆستن دەڵێت: "وەک هەمیشە، سوپای ئەمریکا ئامادەیە بڕیارە سیاسییەکانی فەرماندەی گشتیی داهاتووی جێبەجێ بکات و گوێڕایەڵی هەموو فەرمانە یاساییەکان بێت."
وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: "ئێوەی سوپای ئەمریکا، باشترین هێزی شەڕکەرن لەسەر رووی زەوی، بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە وڵات، دەستوور و مافی هەموو هاووڵاتییانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ