جۆ بایدن: پیرۆزبایی لە ترەمپ دەکەم و بە شێوەیەکی ئاشتییانە دەسەڵاتی رادەست دەکەم

07-11-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم گوتاریدا لەدوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بردەوە، رایگەیاند، پیرۆزبایی لە ترەمپ کردووە و دەسەڵاتی رادەست دەکات. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "لە دیموکراسیدا هەمیشە خواستی خەڵک دەیباتەوە. دوێنێ قسەم لەگەل دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراو کرد و پیرۆزباییم لێکرد. دڵنیاشم کردەوە کە تەواوی ئیدارەکەم راسپاردووە بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لەوەی رادەستکردنێکی ئاشتییانە و رێکوپێکی دەسەڵات بەڕێوەببەن." 
 
سەرۆکی ئەمریکا، کە کامالا هاریسی جێگرەکەی رکابەری لەگەڵ ترەمپ دەکرد و لەگەڵی دا دۆڕا؛ دەڵێت:" هەر دوێنێ قسەم لەگەڵ کامالا هاریسی جێگری سەرۆک کرد. من زۆر رێز لە کەسایەتییەکەی دەگرم. هەموو هەوڵێکی لە کەمپەینەکەیدا خستەگەڕ." 
 
جۆ بایدن باس لەوە دەکات: "ئێمە بژاردەی وڵاتەکەمان قبووڵە. سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریکا شەفافە و دادپەروەرانەیە. ئەرکی خۆم وەکو سەرۆک جێبەجێ دەکەم و 20ـی کانوونی دووەم بەشێوەیەکی ئاشتییانە دەسەڵات رادەست دەکەم." 
سەرۆکی ئەمریکا؛ دوای هەڵبژاردنی وڵاتەکەی و سەرکەوتنی پارتی رکابەری، داوای لە ئەمریکییەکان کرد دۆخی سیاسیی ئەمریکا هێور بکەنەوە. گوتیشی، بە ئاشتییانە دەسەڵات دەستاودەست دەکەن.
 
جۆ بایدن گوتارە 7 خولەکییەکەی لە کۆشکی سپییەوە پێشکێشکرد؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە 05-11-2024 هەڵبژاردنی ئەمریکا بەڕێوەچوو، تێیدا دۆناڵد ترەمپی کۆماری بۆ دووەمجار بردییەوە و کامالا هاریسی دیموکرات و جێگری بایدن شکستیهێنا.
 
بایدن گوتی: "بۆ ماوەی زیاتر لە 200 ساڵ، ئەمریکا باشترین ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە مێژووی جیهاندا هەبووە. خەڵک دەنگدەدەن و سەرکردەکانی خۆیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە هەڵدەبژێرن."
 
بایدن ئەو قسانەی لە باخچەی رۆز لە کۆشکی سپی کرد و گوتیشی: "دەزانم بۆ هەندێ کەس ئەمە کاتی سەرکەوتنە و بۆ هەندێکی دیکە، کاتی دۆڕانە. هەڵبژاردن بریتییە لە رکابەریی نێوان روانگە رکابەرەکان؛ وڵاتیش یەکێکیان هەڵدەبژێرێت. گرنگ نییە دەنگتان بە کێ داوە، پێویستە یەکدی وەک نەیار نەبینن، بەڵکو وەک هاووڵاتیی ئەمریکی یەکدی ببینین. دۆخەکە هێوربکەنەوە."
 
لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵی ئەمریکا کە خولی 60ـەم بوو؛ ترەمپ هەڵبژاردنەکەی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە و توانی لەکۆی 538 خاڵ، 295 خاڵ بەدەستبهێنێت، کامالا هاریسیش 226 خاڵ.
 
خاڵەکان بریتین لە دەنگی ئەندامانی کۆمەڵەی هەڵبژاردن. هەر بەربژێرێک پێویستیی بە 270 خاڵە بۆ ئەوەی بیباتەوە، بەمەش دۆناڵد ترەمپ بردوویەتیەوە و سەرۆکی 47ـەمی ئەمریکایە. 
 
ئەندامانی کۆمەڵەکە لە 17ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگری سەرۆک پەسند بکەن. سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە 20-01-2025 سوێندی یاسایی دەخوات و لە شوێنی بایدن تاوەکو چوار ساڵی دیکە دەچێتە کۆشکی سپی.
 
بایدن لە گوتارەکەی هەروەها گوتی: "بیرتان بێت، ئەو کەوتنە بە مانای ئەوە نایەت کە ئێمە دۆڕاوین."
 
گوتار و هەوڵوێستەکەی بایدن تەواو لە گوتاری دۆڕانی ترەمپی چوار ساڵ لەمەوبەر، جیاوازبوو. ئەوکات کە ترەمپ بە بایدن دۆڕا و بڕیاریدا ئەنجامەکە قبووڵ نەکات. گوتارێکی بە تووڕەیی پێشکێش کرد کە بووە هۆی ئەوەی لایەنگرەکانی لە 06-01-2021 هێرشبکەنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و لەگەڵ پۆلیسی کۆنگرێس بەشەڕ بێن.
 
بایدن دوێنێ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، بانگێشتی ترەمپی کرد بۆ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی کۆببنەوە. ئەمە دەبێتە یەکەم چاوپێکەوتنی راستەوخۆی نێوان دوو سەرۆکەکە، دوای ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دیبەیتی سەرۆکایەتییان کرد و بایدن ئاستێکی خراپی تێیدا پێشکێشکرد.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی مۆزەکە لە مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە. وێنە: AP

مۆزێک بە 6.24 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە بڵاویکردەوە، مۆزێک لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 6.24 ملیۆن دۆلار [شەش ملیۆن و 240 هەزار دۆلار] فرۆشرا.