رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکەی، پارتی سۆشیال دیموکرات، لە بەرلین بڕیاری دوورخستنەوەی وەزیری دارایی دا کە هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئازادی میانڕۆی راستڕۆیە، ئەوەش کاردانەوەی پارتەکەی بەدواداهات.
میدیای ئەڵمانیا هۆکاری لەکارلادانی وەزیرەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لیندنە داوای ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پلانی بوجەی 2025 کردووە و ئەمەش لەلایەن دوو پێکهێنەرەکەی دیکەی حکومەتەوە کە پارتی سۆسیال دیموکرات و سەوزەکانن، رەتکراوەتەوە.
دوای بڕیارەکە لیندنە گوتی، "ئۆلاف شۆڵتز شکستیهێناوە لە دانانی پلانێکی ئابووریی پێویست بۆ هەستانەوەی وڵاتەکەمان. ئەو هەموو کات نیگەرانییە ئابوورییەکانی خەڵکی پشتگوێ خستووە. ئێستاش گومان لەسەر ژمارەیەک بڕیار دروستدەکات کە وا دەکات خەڵک شانازی بە ئەڵمانیا بکاتەوە."
دوای ئەم هەنگاوە، پارتەکەی لیندنە جگە لەم وەزیرە، سێ وەزیری دیکەشی لە کابینەکەی شۆڵتزدا هەیە و سەرجەمیانی کشاندەوە.
هەروەها، شۆڵتزیش بڕیاری دا، بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئاداری داهاتوو یان بەردەوامی بە حکومەتی ئێستا لە کانوونی دووەمی داهاتوودا بخرێتە دەنگدانەوە.
ژمارەیەک پارتیش لەوانە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندئاژۆ پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت کرد.
ئاڵا شاڵی: ئەمشەو بەرلین نەخەوتووە و دۆخەکە شڵەقاوە
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 7, 2024
پێتان دەڵێت دوای کشانەوەی وەزیرەکانی ئەڵمانیا، حکومەتەکەی شۆڵتز چی بەسەر دێت. pic.twitter.com/XGXfJhzW7j
فراکسیۆنی پارتەکە لە پەرلەمان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەڵوەشانەوە هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەت مانای ئازادییە بۆ ئەڵمانیا و پێویستیان بە سەرەتایەکی سیاسی نوێیە بۆ سەرکردایەتیکردنی ئابووریی وڵات و رزگارکردنیان لەو قەیرانانەی بەهۆی سەوزەکان، پارتی سۆشیال دیموکرات و پارتی دیموکراتی ئازادەوە دروستبووە.
بە گوێرەی دوایین راپرسیی دۆیچلاند ترێند، ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن بکرێت، هاوپەیمانیی یەکێتیی سۆشیال کریستیانی باڤاریا و یەکێتیی کریستیان دیموکراتی پارێزگار 34٪، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 17٪، پارتی سۆشیال دیموکرات 16٪ و سەوزەکانیش 11٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ