جیهان
ئۆکراینا دەڵێت، نزیکەی 11 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە سنوورەکانی هەرێمی کۆرسکی رووسیا بڵاوەیان پێکراوە، وێنە: ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئۆکراینا ئاشکرای دەکات، لە هەرێمی کۆرسکی رووسیا، سەربازانی کۆریای باکوور و سەربازانی ئۆکراینا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە.
روستێم ئەمیرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024) لە چاوپێکەوتنێکیدا بە میدیای کۆریای باشووری راگەیاند، "گرووپێکی بچووکی" سەربازانی کۆریای باکوور لە کۆرسکی رووسیا لەلایەن سەربازانی ئۆکرایناوە هێرشیان کراوەتە سەر.
هەروەها چەند بەرپرسێکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، رۆژی چواری ئەم مانگە، سەربازانی کۆریای باکوور لە کۆرسک لەگەڵ سەربازانی ئۆکراینا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە.
ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس باسی لە رووبەڕووبوونەوەی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ سەربازانی کۆریای باکوور کرد، رەخنەشی لە رۆژئاوا گرت بەوەی هیچ کاردانەوەیەکیان بۆ بوونی سەربازانی کۆریای باکوور لە رووسیا نییە.
ئۆکراینا دەڵێت، نزیکەی 11 هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە سنوورەکانی هەرێمی کۆرسکی رووسیا بڵاوەیان پێکراوە و ئامادەی شەڕکردنن دژی سوپای ئۆکراینا.
لە سێ هەفتەی رابردوودا دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور و ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ چەندینجار رایانگەیاندووە، بەڵگەیان هەیە سەربازانی کۆریای باکوور لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا تێوەگلاون.
تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە بەرپرسانی رووسیا و کۆریای باکوور راستەوخۆ وەڵامی هیچکام لە تۆمەتەکانیان نەداوەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا پێشبینی دەکات، "ژمارەیەکی زۆر" لە سەربازانی کۆریای باکوور شەڕ دژی ئۆکراینا بکەن و دەڵێت، "ئەوان [سەربازانی کۆریای باکوور] جلی سەربازی رووسی لەبەردەکەن، راهێنان پێدەکرێت و رەوانەی چەندین بەرەی شەڕ دەکرێن."
لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی کۆریای باکووری کرد و رێککەوتنێکی بەرگری لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور واژۆ کرد.
لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، مۆسکۆ و پیۆنگیانگ هاوپەیمانی یەکدین و لە ساڵی 2022ـشەوە کە جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد، زیاتر لە یەکدی نزیک بوونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ