کەنەدا نووسینگەی تیکتۆک دادەخات


رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی کەنەدا رایدەگەیێنێت، بەهۆکاری "پێداوچوونەوەی ئەمنی"، نووسینگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک لەو وڵاتە دادەخات، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات، پلاتفۆڕمەکە داناخرێت و خەڵک دەتوانن بەکاریبهێنن. 
 
رۆژی پێنجشەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2024، فڕانچیۆس فیلیپ، وەزیری داهێنان، زانست و پیشەسازیی کەنەدا رایگەیاند: "حکومەت هەنگاو دەنێت بۆ چارەسەرکردنی مەترسییە تایبەتییەکانی ئاسایشی نیشتمانی کە پەیوەندییان بە کارەکانی کۆمپانیای بایدانسەوە لە کەنەداوە هەیە".
 
بایدانس کۆمپانیایەکی چینییە و خاوەندارێتیی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک دەکات. 
 
هەروەها وەزیرە کەنەدییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، داخستنی نووسینگەی کۆمپانیاکە، کار لەسەر بەکارهێنەرانی ناکات و دەشڵێت: "بڕیاری بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڕیارێکی کەسییە".
 
ساڵی رابردوو کەنەدا تیکتۆکی لەسەر هەموو ئامێرەکانی حکومەت قەدەخە کرد و لێکۆڵینەوەی لە مەترسییەکانی تۆڕەکە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی کرد. 
 
بڕیارەکەی حکومەتی کەنەدا کاردانەوەی تیکتۆکی لێکەوتەوە و بەرپرسانی رایانگەیاند، لە دادگەی دژی بڕیارەکە دەوەستنەوە. 
 
تیکتۆک لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "داخستنی نووسینگەی تیکتۆک لە کەنەدا و وێرانکردنی سەتان کاری نێوخۆیی لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە."
 
پلاتفۆڕمە چینیەکە لە ئەمریکاش کێشەی هەیە و ئەمریکا دەڵێت، تیکتۆک پلاتفۆڕمێکە لەلایەن چینەوە بۆ "سیخوڕی و بردنی زانیاریی تاکە کەسی بەکاردەهێندرێت."
 
تیکتۆک ئەوەی رەتکردووەتەوە و نیگەرانیی دەربڕی گوایە ئەمریکا ئاپێک قەدەخە دەکات کە دەبێتە هۆی قەدەخەکردنی ئازادیی رادەربڕین لە 170 ملیۆن ئەمریکی.
 
لە نیسانی ئەمساڵ، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر پڕۆژەبڕیارێک کرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانەوە تێپەڕێندرابوو. یەکێک لە یاساکان ئاماژە بە قەدەخەکردنی ئاپی تیکتۆک دەکات ئەگەر ئاپەکە کە کۆمپانیای بایتدانسی چینی خاوەنیەتی، لە نۆ مانگی داهاتوودا پشکەکانی بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان نەفرۆشێت.
 
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەمریکا 9 مانگ مۆڵەت دەداتە تیکتۆک پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت یاخود ئاپەکە لە فرۆشگەکانی ئاپ ستۆر و گووگڵ پلەی لە ئەمریکا لادەبرێت، ئەگەری هەیە سێ مانگیشی بۆ درێژبکرێتەوە.
 
چاوەڕێ ناکرێت تیکتۆک بەو سیستمەی ئێستا هەیەتی کە هۆکاری سەرنجڕاکێشانی سەدان ملیۆن خەڵکە، پلاتفۆڕمەکە بفرۆشێت، بەڵام لەهەر فرۆشتنێکدا ئەگەری هەیە کۆمپانیا رکابەرەکانی ئەمریکی سوودمەند بن.