تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان روویدا؛ حەوت کەس کوژران و 20ـی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پاسێک لە کابوولی پایتەختی ئەفغانستان تەقییەوە و بەهۆیەوە، حەوت کەس کوژران و 20ـی دیکە بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2023، پۆلیسی شاری کابوول رایگەیاند، پاسەکە لە گەڕەکێکی شیعەنشین تەقیوەتەوە و تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
 
خالید زەدران، گوتەبێژی پۆلیسی کابوول لەو بارەوە گوتی، دوای تەقینەوەکە هێزە ئەمنییەکان چوونە شوێنەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
 
کۆتایی مانگی رابردوو، تەقینەوەیەک لە نزیک ناوەندێکی وەرزشی لە کابوول روویدا و چوار کەس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون. دوای تەقینەوەکە، گرووپی چەکدارانی خوراسانی سەر بە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند.
 
13ـی تشرینی یەکەمی 2023ش تەقینەوەیەک لەنێو مزگەوتێک لە هەمان ناوچە، کوژرانی حەوت کەس و برینداربوونی 40ـی دیکەی لێکەوتەوە. بە هەمان شێوە، گرووپی خوراسان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.
 
لەدوای گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ئابی 2021، هێرش و تەقینەوە لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
 
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی رابردوو رایگەیاند، لەئابی 2021ـەوە و لەوکاتەی بزووتنەوەی تاڵیبان گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، هەزار و 95 کەس بەهۆی هێرش و شەڕ و پێکدادانی گرووپە چەکدارەکان و تەقینەوەوە کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش بریندار بوون.