رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا زانیاریی نوێ لەسەر یەکەم کاردانەوەی ئێران بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سەرەتای ساڵی 2020 ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئێرانییەکان پەیوەندییان بە ئەمریکییەکانەوە کردووە و پێیان راگەیاندوون، هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، بەڵام هیچکام لە مووشەکەکان بەر بنکە سەربازییەکان ناکەون.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە گوتەیەکدا بۆ لایەنگرانی لە شاری هیوستن لە ویلایەتی تێکساس باسی دەستکەوتەکانی چوار ساڵی سەرۆکایەتیی خۆی کرد.
ترەمپ رایگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا توانیی دیپلۆماسیەت و ئابووریی ئەمریکا بەهێز بکاتەوە، بەڵام لەدوای رۆیشتنی لە کۆشکی سپی و دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، جارێکی دیکە پێگەی ئەمریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لاواز بوو.
ترەمپ کە بەربژێری سەرەکی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، کە ساڵی 2024 بەڕێوەدەچێت، زانیاریی نوێ لەسەر کاردانەوەی بەرپرسانی ئێران دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی هەموو بەرپرسانی ئیدارەکەی لە کاردانەوەکانی ئێران دەترسان، بەڵام ئەو نەدەترسا، چونکە ئێرانییەکان زانیارییان لەسەر هێرشەکانیان پێدابوو.
لەبارەی یەکەم هێرشی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق لە 8ی کانوونی دووەمی 2020، ترەمپ دەڵێت، ئێرانییەکان گوتیان 18 مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی دیاریکراوتان دەکەین.
گوێ لە دۆناڵد ترەمپ بگرن، بۆ یەکەم جار باسی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆسەر هەولێر لە ساڵی 2020 دەکات: "بە ئێمەیان گوت نیگەران مەبن، هیچ بنکەیەکتان ناپێکین" pic.twitter.com/94eBhAAxgp
— Rudaw (@Rudawkurdish) November 7, 2023
ترەمپ گوتیشی، "شەوێکی سەرنجڕاکێش بوو. تاکە کەس بووم هەستم بە دڵەڕاوکێ نەدەکرد، لەبەرئەوەی دەمزانی چی روودەدات. ئەوان (ئێرانییەکان) پێیان گوتین کە نیگەران نەبین و ئێمە 18 مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیتان دەکەین، بەڵام هیچیان بنکەکە ناپێکن. ئەوەش لەکاتێکدایە ئەو مووشەکانە لە پێکاندا زۆر وردن و بە دەگمەن ئامانجەکان ناپێکن. پێنجیان لە ئاسماندا تەقینەوە و نەگەیشتنە شوێنی مەبەست و ئەوانی دیکەش بەر دەوروبەری بنکەکە کەوتن. زۆر خەڵک نیگەران بوون، بەڵام من نا، چونکە شتێکم دەزانی ئەوانی دیکە نەیاندەزانی."
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی، شەوی 03-01-2020 لەسەر رێگەی فرۆکەخانەی بەغدا لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لەلایەن فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئەمریکاوە کرانە ئامانج و کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ