لە چین یەکەمین کۆنفرانسی پشتێن و رێگە لەسەر ئاڵوگۆڕی زانست و تەکنەلۆژیا بەڕێوەدەچێت
رووداو - چین
بە بەشداریی نوێنەرانی 80 وڵات، یەکەمین کۆنفرانسی پشتێن و رێگە لەسەر ئاڵوگۆڕی زانست و تەکنەلۆژیا لە شاری چۆنگچینی چین بەڕێوە دەچێت؛ کۆنفرانسێک کە بەلای بەشداربووانەوە نموونەییە.
ئارماندۆ رۆدریگێز پاتێستا، جێگری وەزیری زانست و تەکنەلۆژیای کوبا دەڵێت، "لە روانگەی کوباوە، گرنگترین ئامانج لە زانست، سوود گەیاندنیەتی بە دانیشتووانی جیهان، خەڵکەکانمان. بڕوام وایە کە چین گەیشتووە بەم خاڵە بە دیاریکراوی، ئەم کۆنفرانسەش نموونەیەکە."
پرۆژەی پشتێن و رێگە یان رێگەی ئاوریشمی نوێ، ساڵی 2013 لەلایەن شی جینپینگ، سەرۆکی چین راگەیێندرا. ئامانج لێی پێکبەستنەوەی ئاسیا بە ئەفریقا و ئەوروپا لەڕێگەی وشکانی و بەهێزکردنی گەشەی ئابووری بوو؛ زۆرینەی وڵاتانی ئەفریقا تێیدا بەشدارن.
دان دو تۆیت، بەڕێوەبەری گشتیی هاوکاری و سەرچاوەکان لە وەزارەتی زانست و داهێنان - باشووری ئەفریقا دەڵێت، "گرنگە لەم دۆخانە دووبارە هاوڕێیەتیی نێودەوڵەتی بەهێز بکەینەوە، هەروەها هاوسۆزی و هاوبەشی، ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن کۆماری میلـلیی خەڵکی چینەوە وادەکات هاوسۆزیی نێوان هەموومان باشتر بێت، هاوسۆزی لە رێگەی زانستەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئاڵنگارییەکان."
چین لە رێگەی ئەم پرۆژەیەوە، دەیەوێت دەستپێڕاگەیشتنی بازاڕی وڵاتانی جیهان بە کەلوپەل و کەرەستەی چینی ئاسانتر و خێراتر بکات بۆ خێراترکردنی پرۆسەکە، نوێترین زانست و تەکنەلۆژیای رێگەوبانی چینی خستووەتە بەردەم هاوبەشانی.
د. محەممەد نافیس زەکەریا، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە کۆمیسیۆنی زانست و تەکنەلۆژیا - پاکستان گوتی، "چین لە چەندین بواردا قۆناخی باشی بەدەستهێناوە، BRI دەستپێشخەرییەکە کە لە بنەڕەتدا تایبەتە و هەموو شتێک لەخۆدەگرێت، بڕیارە ئەفریقا و ئەوروپا و ئاسیا بەیەکەوە ببەستێتەوە."
چۆنگچین پڕ دانیشتووترین شاری چینە، کە 31 ملیۆن کەس لێی نیشتەجێن، لەڕووی تەکنەلۆژیا و زانستەوە بە یەکێک لە شارە هەرە پێشکەوتووەکانی چین ناسراوە، هەروەها دەکەوێتە سەر کۆریدۆری ئۆراسیا و ئەوروپا لە پرۆژەی دەستپێشخەریی رێگە و پشتوێن. ئەم شارە گرێبەستی ستراتیژیی تەکنەلۆژیی لەگەڵ 80 وڵاتی جیهان هەیە.