پاپا فرانسیس لەبارەی ناڕەزاییەکانی ئێران: هەر کۆمەڵگەیەک ژن لە ژیانی گشتی دوور بخاتەوە، هەژارە


رووداو دیجیتاڵ

پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان دەڵێت: "هەر کۆمەڵگەیەک ژن لە ژیانی گشتی دوور بخاتەوە و پشتگوێی بخات، کۆمەڵگەیەکی هەژارە".
 
رۆژی دووشەممە 6-11-2022، لە دوای گەشتێکی چەند رۆژەی بۆ وڵاتی بەحرێن لە ناوچەتی کەنداو و لە کاتی گەڕانەوەی بۆ رۆما، پاپای ڤاتیکان لە نێو فڕۆکە تایبەتەکەی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و گوتی: "خودا پیاو و ژنی بە یەکسانی دروستکردووە. ژنانیش وەک پیاوان کار بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەکەن".
 
وەڵامەکەی پاپای ڤاتیکان لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ئەگەری پشتگیریکردنیان هات؛ پاپای ڤاتیکان بە راستەوخۆ وەڵامی پرسیارەکەی نەدایەوە، بەڵام گوتی: "خودا ژنی دروستنەکردووە بۆئەوەی پیاو وەک بووکەڵەیەکی یاری پێبکات؛ ژن کەسایەتی تایبەتی خۆی هەیە و پێویست ناکات ژنان وەک پیاوان مامەڵە بکەن؛ ئێمە پێویستمان بەوەیە ژن وەک ژن مامەڵە بکات". 
 
پاپا فرانسیس گوتیشی: "هەر کۆمەڵگەیەک ژن لە ژیانی گشتی دوور بخاتەوە و پشتگوێی بخات، کۆمەڵگەیەکی هەژارە. پێویستە یەکسانی لە وەرگرتنی ماف و یەکسانی لە دەرفەتەکانیشدا لەنێوان پیاوان و ژناندا هەبێت".
 
سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان بۆ بەحرێن لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە "کۆڕبەندی بەحرێن بۆ گفتوگۆ" هات کە بۆ ماوەی 3 رۆژ لەژێر ناونیشانی "رۆژهەڵات و رۆژئاوا بۆ پێکەوەژیانی مرۆڤایەتی" بەڕێوەچوو و تێیدا لەگەڵ دەیان کەسایەتیی ئایینی لە یەکێك لە مزگەوتەکانی بەحرێن کۆبووەوە و نوێژی بەکۆمەڵی بۆ هەزاران کریستیان لە بەحرێن کرد.
 
هەشت هەفتەیە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ئێستا بەربڵاوتر بووەتەوە. حکومەتی ئێران ناڕازی و خۆپێشاندەران بە ئاژاوەگێڕ و دەستوپێوەندی دامودەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دیکە لە قەڵەم دەدات.