سوپای ئازەربایجان 16 گوندی دیکەی لە قەرەباخ کۆنترۆڵکرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئازەربایجان، رایگەیاند سوپای وڵاتەکەی 16 گوندی دیکەی هەرێمی قەرەباخی کۆنترۆڵکردووە.
لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئیلهام عەلیێڤ سەرۆککۆماری ئازەربایجان ئاماژەی بەوەدا، کە سوپای وڵاتەکەی "16 گوندی دیکەی سەر بە پارێزگاکانی زەنگیلان، جبرایل، گوبادلی و فزوڵی لە ژێر داگیرکاریی ئەرمینیا رزگارکردووە". عەلیێڤ جەختدەکاتەوە پێشڕەوییەکانی سوپای ئازەربایجان بەردەوام دەبێت و دەڵێت "قەرەباخ خاکی ئازەربایجانە".
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان، لە 27ی ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا سێ شار و چوار شارۆچکە و سێ شارەدێ و 215 گوند و بەرزاییان لە هەرێمی قەرەباخ کۆنترۆڵکردووە.
ئەرمینیا و ئازەربایجان، دوو کۆماری پاشماوەی یەکێتیی سۆڤیەتی جارانن. رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەلایەن هەردوو وڵاتەوە، بە سەرەتای ناکۆکییەکانی نێوان یەریڤان و باکۆ دادەنرێت. تووندترین شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، لەنێوان ساڵانی 1992 تاوەکو 1994 روویدا، تێیدا نزیکەی 35 هەزار کەس بوونە قوربانی. لەو کاتەوە ناوە ناوە جەنگەکە سەرهەڵدەداتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دایدەمرکێنێتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرهەڵنەداتەوە، چونکە هێشتا کێشەکە لە رەگەوە چارەسەر نەکراوە.
لەنێو دڵی ناوچەی قەوقازدا، لە نزیک کانە نەوتەکانی ناو دەریای قەزوین، ململانێیەکی هەرێمیی تووند لەسەر ناوچەیەک بەڕێوەدەچێت، کە رووبەرەکەی نیوەی رووبەری وڵاتێکی وەک لوبنانە. لەوێ بەرژەوەندییەکان تێکدەئاڵێن و دەستە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان پێکدا دەدەن، گۆڕەپانی شەڕەکە، وڵاتە دژ بەیەکەکانی ئەمریکا، رووسیا، ئێران و تورکیا کۆدەکاتەوە، لەگەڵ ئیسرائیل و تەنانەت یەکێتیی ئەوروپاش بایەخ بە رووداوەکانی ئەوێ دەدەن. ئەرمینیا و ئازەربایجان، یاریزانی سەرەکی شەڕەکەن و نوێنەرایەتی وڵاتانی دیکە دەکەن.