07-11-2020
10:47
نێچیرڤان بارزانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراو و جێگرەکەی دەکەم
نێچیرڤان بارزانی: لە دڵەوە پیرۆزبایی لە جۆ بایدنی سەرۆکی هەڵبژێردراو و جێگرەکەی دەکەم
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی لە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو و کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی هەڵبژێردراو دەکەم بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرۆک و جێگرەکەی کردووە و دەشڵێت "هیوادارین بەیەکەوە کاربکەین بۆئەوەی هاوبەشی و پەیوەندییە دوولایەنەکانمان بەهێزتر بکەین."
پەیوەندییەکانی جۆ بایدن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی لەمێژینەیە و بەشێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی بوونە سەرۆکی نوێی ئەمریکایان لێکردووە.
پێشتر جۆ بایدن و نێچیرڤان بارزانی چەندجارێک یەکدیان بینیوە، رۆژی 17-02-2018 لە چوارچێوەیە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، جۆ بایدن و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکەش جۆ بایدن رایگەیاند "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو، من رێزم هەیە بۆ کورد بەشێوازێکی گشتی و هەروەها من دەتوانم ئەوە بڵێم کە سەرۆکوەزیران هەندێک شتی زۆر بونیادی و پێشنیازی باشی باسکرد بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا پێکەوە بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بن، من هەمیشە گەشبینم".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن رایگەیاند "پشتگیریی بەردەوامی بەڕێز بایدن بۆ ھەرێمی کوردستان جێگەی پێزانینە، بەتایبەت لەو کاتەی سیناتۆر و دواتر جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو".
جۆ بایدن لەو کاتەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو سەردانی هەولێری کرد بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداریی دۆخی هەرێمی کوردستان بێت لە شەڕی دژی داعش ، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئێستای کوردستان و عێراق و ناوچەکە داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان کرد و کۆبوونەوەکە لە میونشن ئەنجامدرا.
09:24
سەلاحەدین بەهائەدین: بایدن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێشهاتێکی بایەخدار و پەیوەندیدارە بە جیهان
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات و دەڵێت، جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێشهاتێکی بایەخدار و پەیوەندیدارە بە هەموو جیهان.
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە تویتەر پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "سەرکەوتنی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێشهاتێکی بایەخدار و پەیوەندیدارە بە هەموو جیهان ، هەروەک لە بەرانبەردا ئەزموونی شکستی کەسێک یا حزبێک نییە بەتەنیا، بەڵکو شکستی کۆمەڵێک سیاسەت و پرۆژە بوو، هیوادارم ئەمریکییەکان و گەلانی ناوچەی ئێمە بەتایبەتی و جیهان بە گشتی خێر و ئاشتی ببینین ."
زیاتر بخوێنەوەسەرکەوتنی جۆ بایدن بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا پێشهاتێکی بایەخدارو وپەیوەندیدارە بەهەمو جیهان ، هەروەک لەبەرانبەردا ئەزمونی شکستی کەسێک یاحزبێک نیە بەتەنیا ،بەڵکو شکستی کۆمەڵیک سیاسەت و پرۆژە بوو ،هیوادارم ئەمریکیەکان و گەلانی ناوچەی ئێمەبەتایبەتی وجیهان بەگشتی خێر وئاشتی ببینین ..
— صلاح الدين محمد بهاءالدين (@M_Salahadeen) November 8, 2020
03:52
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا بە زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی پیرۆزبایی لە جۆ بایدن و یاریدەدەرەکەی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە تویتەکەیدا نووسیویەتی، "بە بۆنەی هەڵبژێردرانی بە 46ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پیرۆزبایی لە جۆ بایدن و کامالا هاریسی یاریدەدەری دەکەم. هیوای بەهێزبوونی دۆستایەتی و پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوان تورکیا و ئەمریکا دەخوازم."
ئەوە لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هیچ پیرۆزباییەکی ئاراستەی جۆ بایدن نەکردووە.
پیرۆزباییەکەی کڵچدارئۆغڵو لە تورکیادا تا رادەیەک رەخنەی بەدوای خۆیدا هێناوە، بە تایبەتی کە جۆ بایدن لە رابردوودا باسی لەوە کردبوو کە پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەکەن و ئەردۆغان لە دەسەڵات دەهێننە خوارەوە.
بەپێی ئەنجامەکان جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا سەرکەوتنی بەسەر دۆناڵد ترەمپدا بەدەستهێناوە. بەوەش دەسەڵاتی ئەمریکا کە لە 4 ساڵی رابردوودا لای کۆمارییەکان بوو، رادەستی دیموکراتەکان دەکرێتەوە.
23:32
محەممەد حاجی مەحموود بۆ بایدن: بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان کورد و ئەمریکا
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان
سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و دەڵێت "بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان کورد و ئەمریکا."
محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان پەیامەکەی لە تویتەر راگەیاندووە و ئاماژە بەوە دەدات "پیرۆزبایی لە بەڕێز جۆ بایدن دەکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان کورد و ئەمریکا."
پێشتر محەممەد حاجی مەحموود لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رەنج سەنگاوی پێشکێشکاری دیاری رووداو باسی هەڵبژاردنی ئەمریکای کرد و رایگەیاند کە حەزدەکات جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا "چونکە بایدن بۆ کورد باشترە".
محەممەد حاجی مەحموود لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە، سیاسەتی ترەمپ و بایدین بەرامبەر بە کورد جیاوازە و "بایدین لەسەرخۆترە و پەیوەندی لەگەڵ کوردا هەیە و کوردی بینیوە و هاتووەتە کوردستان، بەڵام ترەمپ پەیوەندی لەگەڵ کورددا نییە و ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەمریکاش خراپە."
قسەکەی سکرتێری حیزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ئێستاش دوای دەرچوونی جۆ بایدن بە سەرۆکی نوێی ئەمریکا سۆشیال میدیای تەنیوە و قسەی زۆری لەبارەوە دەکرێت.
زیاتر بخوێنەوە
23:05
سەرۆککۆماری عێراق لە تویتەر بە بۆنەی هەڵبژێردرانی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا پیرۆزبایی خۆیی ئاراستە کرد.
بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە تویتەکەیدا دەڵێت، "پیرۆزباییەکی گەرم لە جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێدراو دەکەم کە لە بونیاتنانەوەی عێراقێکی باشتردا هاوڕێ و هاوبەشێکی متمانەپێکراوە."
سەرۆککۆماری عێراق نووسیویەتی، "بەو هیوایەین کار بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە هاوبەشەکانمان و بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەین."
زیاتر بخوێنەوە
22:42
سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەکات و رایدەگەیێنیت، هیوادارم و نزاش دەکەم جیهانی ئازاد لەژێر سەرکردایەتی تۆدا شایەتی ئاشتی و خۆشگوزەرانیی زیاتر بێت.
سەرۆک بارزانی لەڕێگەی تویتەر پەیامی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن کردووە و دەڵێت "هاوڕێم سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا جۆ بایدن، لە ناخی دڵمەوە پیرۆزبایی سەرکەوتنەکەت لێدەکەم. لە ناخەوە هیوادەخوازم و نزاش دەکەم کە جیهانی ئازاد لەژێر سەرکردایەتیی ئێوە ئاشتی و خۆشگوزارەنیی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت."
I express my heartfelt congratulations to you, my friend, President-elect @Joebiden for your victory. I sincerely hope and pray that the free world under your leadership will witness more peace and prosperity.
— Masoud Barzani (@masoud_barzani) November 7, 2020
زیاتر بخوێنەوە
22:12
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی نوێی ئەمریکا کرد و رایگەیاند، "بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتەر پەیامەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەشڵێت "هاوبەشیی و پەیوەندیی نێوان هەردوولامان زۆر گرنگە لەپێناو سەقامگیریی و گەشەپێدانی ناوچەکە."
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ جۆ بایدن و کامالا هاریس
پیرۆزبایی لە بەڕێزان جۆ بایدن و کەمالا هاریس دەکەم.
بە ئومێدی درێژەدان بە هەماهەنگیی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان. هاوبەشیی و پەیوەندیی نێوان هەردوولامان زۆر گرنگە لە پێناو سەقامگیریی و گەشەپێدانی ناوچەکە.
22:06
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ جۆ بایدن لەلایەن میدیای ئەمریکاوە بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتە راگەیێندرا، قوباد تاڵەبانی لە تویتێکدا پەیامێکی پیرۆزبایی ئارەستەی کرد و بایدنی بە "هاوڕێی دێرین و سیاسەتڤانی پڕئەزموون" وەسفکرد.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هیوادەخوازێت لەگەڵ ئیدارەی بایدن بتوانن پەرە بە پەیوەندییە دوو قۆلیەکان بدەن لەگەڵ حکومەت، سوپا و خەڵکی ئەمریکا.
زیاتر بخوێنەوە
21:18
سەرکردەکان پیرۆزبایی لە بایدن دەکەن
جۆ بایدن، سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا و باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک سەرکردەی جیهان لەبارەی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکاوە پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی جۆ بایدن دەکەن.
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوی ئەڵمانیا کە پێشتر سەرکۆنەی دۆناڵد ترەمپی کردبوو بەهۆی رەتکردنەوەی ئەنجامەکانەوە، لە تویتێکدا دەڵێت، "روونبوونەوەی ئەنجامەکان شتێکی باشە. چاومان لەوەیە لەگەڵ ئیدارەی داهاتووی ئەمریکادا کاربکەین. هیوا دەخوازین بۆ دەستپێکێکی نوێ و رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان وڵاتانی ئەتڵانتیک پەرە بە کارکردنی پێکەوەیی نێوانمان بدەین."
هەرەوها بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە تویتێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن و کامالا هاریس کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنیان وەکو سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەمریکا.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "پیرۆزبایی لە جۆ بایدن دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی ئەمریکا. هەروەها پیرۆزبایی لە کامالا هاریس دەکەم بە بۆنەی سەرکەوتنە مێژووییەکەیەوە. ئەمریکا گرنگترین هاوپەیمانی ئێمەیە و هیوادەخوازین لە نزیکەوە لەسەر کارە لەپێشینە هاوبەشەکانمان کاربکەین، لە گۆڕانی کەشوهەواوە بگرە تا دەگاتە بازرگانی و ئاسایش."
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا نوسییوەیەتی، "ئەمریکییەکان سەرۆکی خۆیان هەڵبژاردووە. پیرۆزبێت لە جۆ بایدن و کامالا هاریس! زۆر کارمان هەیە تا پێکەوە بیکەین بۆ ئەوەی بەسەر بەربەستەکانی ئەمڕۆماندا زاڵببین. با پێکەوە کاربکەین!"
هەروەها ئورزولا ڤۆندەر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە تویتێکدا دەڵێت، "بە گەرمی پیرۆزبایی لە جۆ بایدن و کامالا هاریس دەکەم بە بۆنەی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا. یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا هاوڕێ و هاپەیمانی یەکدین. هاووڵاتییانمان قووڵترین پەیوەندییان لەگەڵ یەکدیدا هەیە. بە گەشبینییەوە لە پێکەوەکارکردن لەگەڵ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو دەڕوانم."
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن و کامالا هاریس کرد و رایگەیاند، "زۆر شانازی بەوەوە دەکەم پیرۆزبایی لە جۆ بایدن، سەرۆکی داهاتوومان و جیڵ بایدن، خانمی داهاتوومان بکەم. هەروەها پیرۆزبایی لە کامالا هاریس و دۆوگ ئیمۆف دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی مێژوویانەی کامالا وەکو جێگری سەرۆکی داهاتوومان."
زیاتر بخوێنەوە