پووتین و پزیشکیان لە تورکمانستان کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە میانەی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، سەرۆککۆماری رووسیا رۆژی هەینی، 11ی ئۆکتۆبەر لە تورکمانستان لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کۆدەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی تشرینی یەکەم، یوری یوشاکۆف، یاریدەدەری ڤلادیمیر پوتین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی تێکچوونی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان دەبێت.
 
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە دوای هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، خۆی بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات.  
 
دیدارەکەی سەرۆککۆماری ئێران و رووسیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی "پێکەوە گرێدانی سەردەم و کولتوورەکان" دەبێت کە بە بۆنەی 300 ساڵەی لە دایکبوونی شاعیری نەتەوەیی تورکمانستان مەختوم قۆلی فەراغی بەرێوەدەچێت.
 
هەروەها بڕیارە سەرۆککۆماری ئێران و رووسیا لە 16یەمین لووتکەی گرووپی بریکس کۆببنەوە، کە لە 22تا 24ی ئۆکتۆبەر لە شاری کازانی رووسیا بەڕێوە دەچێت.
 
بریکس لە ساڵی 2009 دامەزراوە، کورتکراوەی پیتی یەکەمی دامەزرێنەرانییەتی کە پێکدێن لە بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور. هاوپەیمانێتییەکە ئابوورییە و سێیەکی ئابووریی جیهان و 40٪ـی ژمارەی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت. تاوەکو ئێستا 15 لووتکەیان بەستووە و لە دوایین لووتکەدا، بڕیاریاندا شەش وڵاتی دیکە بکەنە ئەندامی ئەو گرووپەکە، ئەوانیش ئەرجەنتین، ئێران، سعودیە، میسر، ئیمارات و ئەسیوپیان. زیاتر لە 20 وڵاتی دیکەش داواکاریی ئەندامبوونیان پێشکێشکردووە.
 
رووسیا و چین کە بەچڕی لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی پتەو بەرامبەر بە وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاریان کردووە، فراوانبوونی گرووپی بریکس بەو ئامانجە تەماشا دەکەن، بەتایبەتیش یەکێک لە ئەندامە نوێیەکان ئێرانە.