وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: گرووپە چەکدارەکان عێراق پەلکێشی نێو شەڕ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "میلیشیاکانی عێراق" بەردەوامن لە ناسەقامگیرکردنی عێراق و پەلکێشکردنی بۆ جەنگ. گوتەبێژەکە گوتیشی، عێراق شایستەی ئەوەیە ئەو گرژییە تێپەڕێنێت، کە چەندین دەیەیە بەرۆکی گرتووە.
 
شەوی دووشەممە، 07-10-2024 ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "نیگەرانین لە بوونی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق کە بەردەوامن لە ناسەقامگیرکردنی دۆخی ئەمنیی عێراق و بەردەوامیشن لەوەی عێراق بخەنە بەر مەترسیی پەلکێشکردنی بۆ نێو شەڕەکە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە گەلی عێراقەوە نییە."
 
ئەو قسەیەی میڵەر دوای ئەوە هات کە پەیامنێرەکەی رووداو پرسیاری هێرشەکەی گرووپەکانی عێراقی لێکرد کە هەفتەی رابردوو کردییانە سەر بەرزاییەکانی گۆلان، لە ئەنجامدا دوو سەربازی ئیسرائیلی کوژران.
 
میڵەر گوتی: "لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەبارەی گرنگیی رێگری لە هێرشکردن لەنێو سنوورەکانییەوە؛ بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەنێو عێراق و گرنگیی لێپرسینەوە لە بکەرانی ئەو هێرشانە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، عێراق شایستەی ئەوەیە ئەو گرژییە تێپەڕێنێت، کە چەندین دەیەیە بەرۆکی گرتووە. بۆیە هەبوونی ئەم جۆرە گرووپانە لەنێو عێراق جێگەی نیگەرانییە. "ئەوان عێراق و ناوچەکە ناسەقامگیر دەکەن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامی دیار کوردە و ماتیو میڵەر: 
 
دیار کوردە: سوپاس مات، هەفتەی رابردوو، گرووپە پشتیوانلێکراوەکانی ئێران لە عێراق هێرشیانکردە سەر بەرزاییەکانی گۆلان، دوو سەربازی ئیسرائیلیان کوشت و ژمارەیەکی دیکەشیان بریندارکرد، ئەم هێرشە و هێرشەکانی دیکە عێراقیان تاوەکو لێواری جەنگەکە هێناوە، ئێوە هیچ کات لەسەر رەفتاری ئەو گرووپانە قسەتان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە کە ئەم هێرشانە بۆ سەر ئیسرائیل بوەستنێنن، هەروەها بەبۆچوونی ئێوە بۆچی تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەو گرووپانە جڵەو بکات؟ 
 
ماتیو میڵەر: تۆ پێویستە ئەو پرسیارانەی تایبەتن بە عێراقن لە حکومەتی ئەو وڵاتەی بکەی، بێگومان ئێمە نیگەرانین لە بوونی ملیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق کە بەردەوامن لە ناسەقامگیرکردنی دۆخی ئەمنیی عێراق و بەردەوامیشن لەوەی عێراق بخەنە بەر مەترسیی پەلکێشکردنی بۆ نێو شەڕەکە، کە هیچ پەیوەندییەکی بە گەلی عێراقەوە نییە. هەر بۆیە ئێمە ئەو رێکخراوانەمان خستە لیستی تیرۆرەوە هەر وەکو چەندین گرووپی دیکەی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە وەکو حیزبوڵڵا و حەماس. لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکردن لەبارەی گرنگیی رێگریی لە هێرشکردن لەنێو سنوورەکانییەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەنێو عێراق و گرنگیی لێپرسینەوە لە بکەرانی ئەو هێرشانە.
 
دیار کوردە: تاوەکو ئێستا ئیسرائیل وەڵامی ئەو گرووپانەی لە عێراق نەداوەتەوە، بەڵام رەنگە رۆژێک وەڵامیان بداتەوە، ئێوە داواتان لە ئیسرائیل کردووە کە وەڵامی ئەو گرووپانە لە نێو عێراق نەداتەوە تاوەکو عێراق نەبێتە بەشێک لەم شەڕە و خاکی عێراق دووربێت لەم ململانێیەدا؟
 
ماتیو میڵەر: ناتوانم باسی وردەکاریی دیپلۆماسی بکەم، بەڵام هەروەکو پێشتر گوتوومانە عێراق شایستەی ئەوەیە، ئەو گرژییە تێپەڕێنێت، کە چەندنین دەیەیە بەرۆکی گرتووە. بۆیە هەبوونی ئەم جۆرە گرووپانە لەنێو عێراق جێگەی نیگەرانییە. ئەوان عێراق و ناوچەکە ناسەقامگیر دەکەن.