رووداو دیجیتاڵ
لە کەنار دەریای ئێل دۆرادیلۆ لە ئەرجەنتین کەمتر لە دوو هەفتە 14 نەهەنگ بە مردووی دۆزرانەوە. شارەزایان دەڵێن، لەنێوچوونی نەهەنگەکان سرووشتییە، بەڵام لەنێوچوونی ئەو ژمارە زۆرە لەو ماوە کەمەدا نیگەرانیی دروستکردووە.
بارستایی هەر نەهەنگکێکی مردوو دەگاتە نزیکەی 50 تۆن. لە جیهاندا پێنج جۆری نەهەنگ مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە. لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا 14 نەهەنگ بە مردوویی لە کەناراوێکی ئەرجەنتین دۆزرانەوە.
ڤیکتۆر فراتۆ، راوێژکاری ژینگەییە و دەڵێت، "ئێمە لە ناوچەی سرووشتیی پارێزراوی ئێل دۆرادیلۆ، لە ئۆپەراسیۆنێکداین بۆ هەڵگرتنەوەی نەهەنگێکی مردوو. ئێستا لێکۆڵەران لە هۆکارەکان دەکۆڵنەوە، بەڵام وادەردەکەوێت هۆکارەکە سرووشتی بێت."
بارستایی ئەم نەهەنگە نزیکەی 50 تۆنە، دەگوترێت لاشەکەی دەستی بە شیبوونەوە کردووە و دەبێت بەزووترین کات دوور بخرێتەوە.
نەهەنگ ئاژەڵێکی شیردەری ئاوییە و 90 جۆری لە جیهاندا هەیە کە 13 جۆریان قەبارەیان گەوریە، کێشی ئەو نەهەنگانە زیاتر لە 180 تۆن و درێژیشیان دەگاتە 30 مەتر.
بەگوێرەی کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی نەهەنگ، مەزەندە دەکرێت 1 ملیۆن و 500 هەزار نەهەنگ لە جیهاندا مابن. ساڵانە لانیکەم 300 هەزار نەهەنگ و دۆلفین لە جیهاندا راودەکرێن.
ریچارد ریڤالۆرا، بەرپرسی پاراستنی پارکی ئێل دۆرادیلۆ دەڵێت، "زۆر بە ئازارە کاتێک ئەم زیندەوەرانە دەبینین لە کەنار دەریادا مردوون؛ ئەم وەرزە و وەرزی رابردووش ئەم رووداوەمان هەبوو. لەوە خەمناکتر ئەوەیە دەزانین مێینەن و دەیانپشکنین کە ئایا بێچوویان هەیە یاخود نا".
لەبەر دەردانی گاز و ماددەی زیانبەخش کە دەکرێت زیانی بایۆلۆجی هەبێت، تیمێکی فریاگوزاری نەهەنگەکە لەو شوێنەی هاووڵاتییانی لێن دووردەخەنەوە و زانایانی تایبەت بە پاراستنی ژیان لە دەریا و زەریاکان، لێکۆڵینەوەی ورد لە مردنی نەهەنگەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ