جۆرجیا میلۆنی لە فەرەنسا تووڕە دەبێت


رووداو - هەولێر

جۆرجیا میلۆنی لە فەرەنسا تووڕە دەبێت، دوای ئەوەی کە بەرپرسێکی باڵای پاریس گوتی، فەرەنسا لە نزیکەوە چاودێریی سەروەریی یاسا و مافەکانی مرۆڤ لە ئیتاڵیا دەکات دوای ئەوەی حکومەتی نوێ پێکهات. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساش دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئیتاڵیا هەر کەسێک بێت، فەرەنسا "بە نیازپاکییەوە" کاری لەگەڵ دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە جۆرجیا میلۆنی، سەرکردەی راستڕەو و رەخنەگری سەرسەختی ماکرۆن، بەربژێری هەرە بەهێزە بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران. 
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئیتاڵی، لۆرێنس بوون، وەزیری فەرەنسا بۆ کاروباری ئەوروپا گوتی: "دەمانەوێت لەگەڵ رۆما کاربکەین، بەڵام چاودێریی رێزگرتن لە مافەکان و ئازادییەکان دەکەین؛ لە نزیکەوە چاودێریی رێزگرتن لە بەهاکان و سەروەریی یاسا دەکەین."
 
جۆرجیا میلۆنی کە دوای بردنەوەی 44٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردنە گشتییەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی 25ی ئەیلوول چاوەڕێدەکرێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، گوتەکانی وەزیرە فەرەنسییەکەی بە "هەڕەشەیەکی قبووڵنەکراو بۆ دەستوەردان لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری" ناوبرد. 
 
میلۆنی رۆژی هەینی لە فەیسبووک نووسی: "دەمەوێ هیوای ئەوە بخوازم کە وەکو هەندێ جار روودەدات، میدیای چەپڕەو گوتە راستەقینەکانی بەرپرسانی حکومەتە بیانییەکانیان بە هەڵە بڵاوکردبێتەوە؛ ئەو گوتانە بە هەڕەشەیەکی قبووڵنەکراو بۆ دەستوەرادن لە وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا دەچن."
 
جۆرجیا میلۆنی هەروەها لە گوتەکانی ئیلیزابێز بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا تووڕەیە کە دوای هەڵبژاردنەکانی ئیتاڵیا گوتبووی: "هیچ لێدوانێکم نییە لەسەر بژاردەی دیموکراسییانەی خەڵکی ئیتاڵیا،" بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە فەرەنسا "ئاگاداری ژمارەیەک بەهای وەک مافەکانی مرۆڤ بێت."
 
پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و فەرەنسا لە سەردەمی ماریۆ دراگی بەهێزبوون کە لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن رێککەوتنێکی ستراتیژییان واژۆکرد و تیمێکیان بۆ پێشنیازکردنی چاکسازی لە یاسا داراییەکانی یەکێتیی ئەوروپا پێکهێنا، بەڵام لە هەڤپەیڤێنێکدا پێش هەڵبژاردنەکان، میلۆنی گوتی، رەنگە حکومەتەکەی ئەو پەیوەندییە لاواز بکات و ئیتاڵیا بخاتە پێشەوە. 
 
خانمە سیاسەتڤانەکە گوتی: "پێویستە ئیتاڵیا بتوانێت لەنێو ئەوروپادا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی بکات، هەر وەک چۆن فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیکەن".