کوردێک بەتۆمەتی سەرۆکایەتیکردنی باندێکی قاچاخچیێتی لە ئەوروپا دادگایی دەکرێت

07-09-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن قاچاخ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەلجیکا دادگایی کرا، دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بەوەی سەرۆکایەتیی باندێکی قاچاخچیێتی لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و، بە هەزاران کۆچبەری بەشێوەیەکی نایاسایی گەیاندووەتە بەریتانیا.
 
لە شاری بروژی باکووری بەلجیکا، رۆژی چوارشەممە (6ـی ئەیلوولی 2023) کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی هیوا رەحیمپوور، کە پەناخواز بووە لە بەریتانیا، بەتۆمەتی کاری قاچاخچیێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دادگایی کرا. ناوبراو هەروەها تۆمەتبارکراوە بەوەی سەرۆکایەتیی باندێکی قاچاخچیێتی لە چەندین وڵاتانی ئەوروپیدا کردووە. 
 
بەگوێرەی میدیای بەریتانیا، هیوای تەمەن 30 ساڵ، بە هەزاران بەلەمی بچووک و چووپی لە تورکیا کڕیوە و لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا، بەلەمەکانی کۆگا کردووە، تاوەکو ئەو کاتەی بەکاریانهێناون و کۆچبەریان لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. 
 
هیوا لە ناوچەی ئیلفۆرد لە رۆژهەڵاتی شاری لەندەن ژیاوە، مانگی ئایاری پار، لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە دەستگیر کرا، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵمەتێکی سەرتاسەریی ئەوروپا لەلایەن پۆلیسی ئەوروپاوە بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان، کە بەگشتی لەو هەڵمەتەدا، 135 بەلەم، هەزار و 200 ئێلەگی دژەنقوومبوون و بە هەزاران یۆرۆ بە کاش، دەستیان بەسەردا گیرا، ئەمە جگە لەوەی 40 کەس بە گومانی قاچاخچیێتی دەستگیرکران.  
 
هیوا یەکێک بووە لەو 21 تۆمەتبارەی رۆژی چوارشەممە لە بەلجیکا دادگاییکران، لەکاتێکدا تەنیا هیوا لە بەریتانیا ژیاوە، 20 کەسەکەی دیکە هەموویان لە ئەڵمانیا ژیاون. 
 
دانیشتنی دادگەکە، بۆ کۆتایی ئەم هەفتەیە دواخرا.  
 
بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی خراونەتە بەردەم دادگە، هیوا لە بەریتانیاوە سەرۆکایەتیی باندەکەی کردووە و کاری لۆجیستیکی بۆ باندەکە کردووە، ئەو بەلەمەکانی کڕیوە و قاچاخچییەکانی ئاگادارکردووەتەوە، هەروەها لە فەرەنسا کۆچبەران و قاچاخچییەکانی بەیەکدی ئاشنا کردووە.  
 
لەساڵی 2016، هیوا چووەتە بەریتانیا و لەوێ داوای مافی پەنابەریێتی کردووە، لەسەر بنەمای ئەوەی خۆی وەکو کوردی ئێران ناساندووە و رایگەیاندووە، مەترسی لەسەر ژیانی هەبووە بۆیە لە ئێران هەڵاتووە. 
 
کەیسی پەنابەریێتی هیوا یەکلانەکراوەتەوە، بەڵام رێگەی پێدراوە لە بەریتانیا بمێنێتەوە و لەساڵی 2020 دووکانێکی سەرتاشخانەی داناوە و ساڵی رابردووش لە رۆژهەڵاتی لەندەن کۆشکێکی میوەی داناوە. 
 
لە دوای دەستگیرکردنی، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بڕیاریانداوە هیوا دیپۆرتی بەلجیکا بکەنەوە، تاوەکو لەوێ دادگایی بکرێت، بەو تۆمەتەی بەشێوەیەکی سیستماتیکی بازرگانیی بە مرۆڤەوە کردووە لەرێگەی بەکارهێنانی بەلەمەوە. دوو کەس لەوانەی لە بەلجیکا دەستگیرکراون، دانیان بەوەدا ناوە هیوا سەرپەرشتیی گرووپەکەی کردووە و بەلەمەکانی کڕیوە و گواستوونەتییەوە بۆ کەناراوەکانی فەرەنسا. 
 
زۆربەی ئەو کەسانەی بە قاچاخ لەلایەن ئەو باندەوە رەوانەی بەریتانیا کراون، لە فەرەنساوە بەلەمیان بۆ دابینکراوە. 
 
داواکاری گشتیی کەیسەکە، بێجگە لە سزای زیندانی، داوای 157 هەزار پاوەند قەرەبووش لە هیوا دەکاتەوە، 
ژان فلیپ لاکووف، جێگری بەرپرسی پۆلیسی ئەوروپا (یۆرۆپوڵ) رایگەیاند هەر کۆچبەرێک لەنێوان دوو هەزار پاوەند بۆ نۆ هەزار پاوەندی بەو گرووپە داوە تاوەکو لە فەرەنساوە بیگەیەننە بەریتانیا و تەنیا لە ساڵی 2021، گرووپەکە 51.4 ملیۆن پاوەندیان لەو کارە قازانج کردووە.  
 
پۆلیس هەروەها رایگەیاندووە رێگەیەکی بەکاریانهێناوە بۆ دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان ئەوەیە؛ کۆگەی بەلەمەکانیان ئاشکرا بکەن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاڵای ئێران لە تاران. وێنە: Reuters

لە نەتەوە یەکگرتووەکان رەشنووسی بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران پەسند کرا

رەشنووسی بڕیارنامەیەک دژی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و زیاتربوونی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە لە نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا. ئێران بڕیارنامەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "نادادپەروەرانە و سیاسییە و لایەنگری پێوە دیارە".