ژمارەیەک کوردی ئێزدی لە دەرەوەی کەمپێکی یۆناندا گیریان خواردووە

07-09-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی 120 کوردی ئێزدی لە باکووری یۆنان رێگەیان پێ نادرێت بچنە نێو کەمپێکەوە، بۆیە بەناچاری ماوەی دوو هەفتەیە لە دەرەوە دەخەون.
 
سەتان کوردی ئێزدی کە لە دوای هێرشەکەی ساڵی 2014 داعش بۆ سەر موسڵ و شنگال و دەوروبەری بوونەتە کۆچبەر، لە یۆنان گیرساونەتەوە، ئەو وڵاتەی کە تاوەکو ئەمدواییانەش دەیان کەمپی پەناخوازانی تێدابوو.
 
بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی نێوخۆی وڵاتەکەوە، حکومەتی یۆنان بەمدواییانە زۆرینەی کەمپەکانی داخستن.
 
ئەو کەمپەی کە رێگەی چوونە ژوورەوەی بە کوردانی ئێزدی نەداوە، دەکەوێتە نزیک شاری سێرێس لە باکووری یۆنان و نزیکەی هەزار کەسی تێدایە، لە نێویاندا 700یان کوردی ئێزدین. بەرپرسانی کەمپەکە دەڵێن، شوێنەکە پڕبووە و توانای وەرگرتنی خەڵکی زیاتری نییە. 
 
فەهد کۆچبەرێکی کوردی ئێزدییە و تەمەنی 22 ساڵە، دەڵێت: "ماوەی 12 رۆژە لەسەر زەوی دەخەوین. هەموو رۆژێک ئێمە تکایان لێدەکەین لێمان گەڕێن بچینە نێو کەمپەکەوە. بەڵام هیچ کەس یارمەتیی ئێمە نادات. ئێمە دەترسیێن و هیچ شوێنێکیشمان نییە بۆی بڕۆین."
 
لایەنە پەیوەندیدارەکانی یۆنان تەنیا رێگەیان بە چوونە ژوورەوەی ژنان و منداڵانی کۆمەڵە پەناخوازە نوێیەکە داوە.
 
سەرچاوەیەک لە کارگێڕیی کەمپەکەوە رایگەیاندووە: "هیچ شوێنێکی بەتاڵ لە کەمپەکەدا نەماوە،" پشتڕاستیشیکردەوە کە نزیکەی 120 کوردی ئێزدی لە دەرەوەی کەمپەکەوە گیریان خواردووە.
 
ئیبدا عەزیم، کوڕێکی دیکەی 21 ساڵانە کە لە دەرەوەی کەمپەکە دەمێنێتەوە، دەڵێت هەر یەک لەو پەناخوازانە هەزار یۆرۆیان بە قاچاخچییەکان داوە بۆ ئەوەی لە تورکیاوە بیانگەیێننە یۆنان. دەشڵێت: "رێگەی پێنج رۆژمان بە پێ بڕی تاوەکو گەیشتینە یۆنان. پێماندەڵێن بڕۆن بۆ کەمپێکی دیکە کە ئەفغانی و سوورییەکانی تێدایە، بەڵام ئێمە دەترسین بچینە ئەوێ."
 
بەشێک لە پەناخوازەکان دەڵێن، دەیانەوێت لە یۆنان بمێننەوە. 
 
موراد ئیسماعیل، دامەزرێنەری هاوبەشی رێکخراوی یەزدا رۆژی سێشەممە، گوتی وەزارەتی کۆچبەرانی یۆنان "دڵنیایی پێدام کە ئەوان لەسەر ئەو پرسە کاردەکەن و بە زووترین کات چارەسەری دەکەن."
 
موراد ئیسماعیل هەروەها باسی لەوە کردووە کە بەرپرسانی یۆنان بەڵێنی پێداون، کە یان لە شاری سێرێس یان لە کەمپێکی دیکە، پەناگەیەک بۆ ئەو کوردانە دابین بکەن. 
 
وەکو رێگەیەک بۆ ساردکردنەوەی تۆڕەکانی کۆچبەری، حکومەتی نەریتخوازی یۆنان جەختی لە داخستنی دەیان کەمپ کردووەتەوە کە جاران پەناخوازانی سەرانسەری جیهانی لەخۆگرتبوو.
 
نۆتیس میتاراچی، وەزیری کۆچبەرانی یۆنان یەکشەممەی رابردوو، گوتی، لەم کاتەدا وڵاتەکەی 34 کەمپی هەیە، کە دوو ساڵ لەمەوبەر 121ی هەبوو، پلانیشی هەیە دووی دیکە دابخات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شوێنی رووداوەکە و وێنەی شەمسەدین جەبار

ژمارەی کوژراوانی هێرشەکەی نیوئۆرلینز گەیشتە 15 کەس و ناسنامەی هێرشکارەکە ئاشکرا کرا

ناسنامەی ئەو کەسەی ئاشکرا بوو، کە بە ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو ئاهەنگێکدا کرد لە شاری نیوئۆرلینزی ویلایەتی لویزییانەی ئەمریکا و کە بووە هۆی کوشتنی 15 کەس و، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا هێرشەکەی بە کارێکی تیرۆریستی ناوبرد.