FBI دۆسیەی نهێنی وڵاتان لە کۆشکەکەی ترەمپ دەدۆزێتەوە

07-09-2022
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەفسەرانی نووسینگەی هەواڵگریی فیدراڵیی ئەمریکا ناسراو بە FBI، لە کاتی پشکنینی کۆشکەکەی ترەمپ لە ویلایەتی فلۆریدا چەندین فایلی نهێنییان دۆزیوەتەوە کە تێیدا باس لە توانا سەربازیی و تەنانەت توانای چەکی ئەتۆمیی وڵاتێکی دیاریکراو دەکات، بێ ئەوەی ئێف بی ئای ناوی وڵاتەکە ئاشکرا بکات.
 
رۆژی سێشەممە 7ی ئەیلوول، رۆژنامەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کرد، مانگی رابردوو لە کاتی پشکنینی کۆشکەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە مار-ئا-لاگۆ، لەلایەن ئەفسەرانی ئێف بی ئای-ەوە فایل و زانیاریی نهێنی توانا سەربازیی و ناوەکییەکانی وڵاتێکیان دۆزیوەتەوە، ئەمەش پێچەوانەی لێدوانەکانی هەفتە رابردووی ترەمپە کە گوتبووی، ئەو فایلانەی دەزگای ئێف بی ئای لە کۆشکەکەی دەستیان بەسەردا گرتووە، هیچ شتێکی گرنگ و مەترسیداری تێدانەبووە و تەنیا وەکو ئەرشیڤی سەرۆکێکی پێشوو هەڵگیراون.
 
هەروەها میدیای ئەمریکا ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە ژمارەیەک لەو فایلانەی دەستیان بەسەرداگیراوە "زۆر نهێنی" بوون، تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆک یان بەرپرسێکی زۆر باڵای نزیک لە سەرۆکە کە دەستی بەو فایلانە بگات.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا ترەمپ رووبەڕووی گوشاری یاسایی زیاتر بووەتەوە دوای ئەوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاندبوو، بەڵگەنامە نهێنییە سەرەکییەکانی نێو کۆشکەکەی ترەمپ "پێدەچێت شاردرابنەوە"، بەمەبەستی رێگریکردن لە لێکۆڵینەوەکانی FBI سەبارەت بە ئەگەری "هەڵە" مامەڵەکردن لەگەڵ بەڵگە نهێنییەکانی حکومەتی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکا، مانگی رابردوو لەکاتی پشکنینەکانیان ئەفسەرانی ئێف بی ئای، هەندێ فایلی ئەوەندە نهێنیان دەستکەوتووە کە پێویستیان بە رەزامەندی فەرمیی سەروو خۆیان بووە بۆ چاوخشاندنەوە بە زانیارییەکانی نێو فایلەکان. 
 
پشکنینەکانی ئێف بی ئای، دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەمساڵ، ترەمپ ناچار کرا کە هەندێ لەو فایلە نهێنییانە رادەستی دەزگای ئەرشیڤی حکومەتی ئەمریکا بکاتەوە، بەهۆی ئەوەی هەندێ لە فایلەکان "زۆر نهێنین و زانیاری هەستیاریان تێدایە." 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، تیمی ترەمپ، 15 کارتۆن فایلی نهێنییان رادەستی حکومەت کردووەتەوە کە 184 فایل بووە و دوای گوشارێکی زۆرتری ئێف بی ئای، پارێزەرانی ترەمپ 38 فایلی نهێنی دیکەیان رادەستی حکومەت کردووە و سوێندی یاساییشیان خواردووە کە ئەوە دوا فایلی نهێنییە لای ترەمپ ماوەتەوە. بەڵام دواتر ئەفسەرانی ئێف بی ئای هەڵیانکوتایە سەر کۆشکەکەی ترەمپ و دەستیان بەسەر چەندین فایلی نهێنیدا گرت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.