کریستیان ریچێر بووە سەرۆکی نوێی یونیتاد
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە 7-9-2021 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەکاربوونی کریستیان ریچێری وەکو راوێژکار و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) راگەیاند.
بڕیارە ریچێر شوێنی کەریم ئەسەد خان-ی بەریتانی بگرێتەوە کە لە مانگی حوزەیران وەکو داواکاری گشتیی دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای سوێندی یاسایی خوارد.
کەریم ئەسەد ئەحمەد خان یەکەم راوێژکاری تایبەتی یونیتاد بوو کە لە تەممووزی 2018 پۆستەکەی وەرگرت تا مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی لەکارکێشایەوە.
یونیتاد بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش لە ساڵی 2017 دامەزراوە بۆ پشتگیریکردنی هەوڵە نێوخۆییەکان بۆ لێپرسینەوە و بەدواداچوونی تاوانەکانی داعش لە عێراق، ئەمەش لەڕێگەی کۆکردنەوە، پاراستن و کۆگاکردنی بەڵگەکان لە عێراق کە دەشێت وەکو تاوانی جەنگ، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید بناسرێن.
لە مانگی ئایار تیمەکە رایانگەیاند کە بەڵگەی روون و قایلکەریان کۆکردووەتەوە کە داعش جینۆسایدی لە دژی ئێزدییەکان ئەنجامداوە.
نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ریچێر پێشتر وەکو داواکاری گشتیی فیدڕاڵی لە ئەڵمانیا خزمەتی کردووە و زیاتر لە 30 ساڵ ئەزموونی لە دادگاییکردن و لێکۆڵینەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە.
هەروەها سەرۆکی تاوانەکانی جەنگ-ی ئەڵمانیا بوو کە بەرپرسە لە دادگاییکردن و حوکمدانی ئەو هاوڵاتییە ئەڵمانییانەی کە پەیوەندییان بە تاوانی نێودەوڵەتییەوە هەیە کە دەکرێت لە شوێنێکی دیکە ئەنجامدرابن لە نێویشیدا لە عێراق و سوریا. ئەو تاوانبارانەش دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2014 جینۆسایدیان لە دژی خەڵکی ئێزدی لە عێراق ئەنجامداوە.