لە مۆسکۆ 32ـەمین پێشانگەی کتێب کرایەوە

رووداو - مۆسکۆ 

لە مۆسکۆ 32ـەمین پێشانگەی کتێب کرایەوە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت، 33 وڵاتی جیهان بەشداریان تێداکردووە و 100 هەزار کتێب لە پێشانگەکەدا نمایشکراون.

ئێدوارد رادزینسکی تەمەن 83 ساڵ، یەکێکە لە نووسەرە ناودارەکانی رووسیا و ماوەی 50 ساڵە رۆمان و کتێبی مێژووی دەنووسێت، زۆربەی کتێبەکانی کراونەتە دراما، ئامادەبوونی ئەو لێرە جێگای دڵخۆشی سەردانیکارانی پێشانگەکە بوو، هەر بۆیە سەرەیان گرتبوو بۆ ئەوەی واژۆیان بۆ لەسەر کتێبەکانیان بکات.

ئێدوارد رادزینسکی، نووسەر دەڵێت: "ئەو ژانرەی من کتێبەکانمی پێدەنووسم کتێبەکانمی گەیاندووەتە هەموو وڵاتانی ئەوروپا، بۆ نموونە ئەو کتێبانەی دەربارەی ئەلێکساندەر یەکەم و راسپوتین و ئەلێکساندەری دووەم و ستیالین نووسیوومن دەتوانی هەموویان ببینیت بچێتە زۆربەی وڵاتان کە وەرگێڕاونەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی و ئیتاڵی، هەروەها کتێبەکەم دەربارەی ستالین لە گۆڤارێکی میسری چاپ و بڵاوبووەتەوە".

رووسیا وڵاتی کتێب خوێنەرەکانە بەپێی ئاماری ساڵی 2019 لە 90%ـی رووسەکان کتێب دەخوێننەوە و لە 87%ـیان لەماڵەوە کتێبخانەیان هەیە. 

ئەو ژانرانەی کە رووسەکان زیاتر خولیای خوێندنەوەیان دەکەن رۆمانی مێژوویی و کتێبی ئەدەبین، بەکۆی گشتی هەر تاکێکی رووس لە سێ مانگدا زیاتر لە چوار کتێب دەخوێنێتەوە.