ئەمریکا بۆ سەرۆکی فیلیپین: رێزی خۆت بگرە و جنێو مەدە

07-09-2016
زانا بەهرام
نیشانەکردن ئۆباما
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمریکا هۆشداری دەداتە سەرۆکی فیلیپین و داوای لێدەکات رێزی خۆی بگرێت و چیدیکە جنێو نەدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و فیلیپین بەگرنگ دەزانێت، هاوکات هۆشداریش دەداتە سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی رێزی خۆی بگرێت و چیدیکە جنێو نەدات. 

ئەو هۆشدارییەی ئەمریکا بۆ سەرۆکی فیلیپین دوای لێدوانێکی تووندی ریدریگۆ دوتێرتێ، سەرۆکی فلیپین هات کە بە باراک ئۆبامای گوت "کوڕی سۆزانی".  سەرۆکی فیلیپین راشیگەیاند ئەمریکا و ئۆباما ناتوانن ئەو فێری پاراستنی مافی مرۆڤ و دەوڵەتداری بکەن و "پێویستم بە ئامۆژگاری ئەوان نییە". 

مارک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن، رایگەیاند "پلانی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی نێوان باراک ئۆباما، سەرۆکی ویلایەتە یەکگروتووەکانی ئەمریکا و، سەرۆکی فلیپین ریدریگۆ دوتێرتێ لە لووتکەی لاوس هەڵووەشێندرایەوە بەهۆیی ئەو زمانەی کە سەرۆکی فلیپین بەکاریهێنابوو بەرامبەر ئۆباما، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە". 

هیلاری کلینت، کاندیدی دیموکراتەکانیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بۆچوونی خۆی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوەی نێوان ئۆباما و دوتێرتێ راگەیاند و گوتی "ئۆباما کارێکی باشی کردووە کە کۆبوونەوەکەی هەڵوەشاندووتەوە" هەروەها دەڵێ" کاتێک سەرۆکی فیلیپین بەو زمانە هێرشدەکاتە سەر سەرۆکەکەمان، ئێمەش مافی خۆمانە بە زمانێکی زۆر سادە پێی بڵێین: ببورە کۆبوونەوەت لەگەڵ ناکەین".  

لە ماوەی وەرگرتنی دەسەڵات لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، ریدریگۆ دوتێرتێ، سەرۆکی فلیپین دەستیکردووە بە شەڕی کۆتاییهێنان بە مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەو وڵاتەدا، هەروەها دەسەڵاتی تەقەکردنیشی داوە بە هێزە ئەمنییەکان و بەهۆیەوە تاکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار کەس  کوژراون، ئەمەش هەریەکە لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا و چەند وڵاتێکی ئەوروپی هێنایە دەنگ و رەخنەی تووندیان لێی گرت. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە