وێنەی سەرکردەکانی داعش لە پرۆگرامەکانی خوێندندا

رووداو - واشنتن

لە ئەمریکا پەرتووکێکی دژ بەداعش دەخرێتە نێو پرۆگرامەکانی پەروەردەییەوە، كە ناوەڕۆكەكەی بریتییە لە وێنەی سەرکردەکانی داعش و ئەلقاعیدە بۆ رەنگكردنیان لە لایەن منداڵانەوە بەمەبەستی شارەزایی منداڵان و ناسینی گرووپە ئیسلامییە تووندئاژۆکان.

ئەو پەرتووکە دەدرێتە منداڵان و هەرزەكاران بۆ رەنگردنیان، وێنەکانی ناوەوەی بریتین لە سەرکردەکانی داعش و ئەلقاعیدە وەك ئوسامە بنلادن و زەواهیری و بەغدادی و ئەوانی دیکە.

ماڵپەڕی دەیلی ستار بڵاویكردووەتەوە، کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەنیازە كۆمەڵە پەرتووکێک بۆ فێركردنی منداڵان و چۆنێتی رەنگكردنی وێنە بەمەبەستی ناسینی تووندڕەوە ئیسلامییەکان چاپبکات.

كۆمپانیا ئەمریكییەكە رایگەیاندووە كە مەبەست لەو پەرتووکانە پەروەردەییە، بە گوێرەی كۆمپانیاكە كتێبەكە بە ناونیشانی( We Shall Never Forget 9/11: Kids' Book of Freedom.) واتە پێویستە هەرگیز11 ی سیپتەمبەر لە بیرنەکەین، كتێبی ئازادی بۆ منداڵان.

هەندێ لاپەڕەی پەرتووکەکە تایبەتن بە وێنەی سەربڕین و لە سێدارەدان و رفاندن و كوشتن و بڕینی جۆراوجۆر، وەک هێمایەک بۆ ناساندنی داعش و ئەو پرۆسەیەی كە داعش دەیەوێت بیباتە ئەمریكاوە.

بێڵ دانەری پەرتووکەکە دەڵێت: "كتێبەكە رەواجێكی زۆری هەبووە، لە زیاتر لە 120 وڵاتی جیهاندا، كۆپی نوێی كتێبەكە نەخشەی دوژمنانی ئەمریكای تێدایە و چۆن ئەمریكا داگیردەكەن و تیرۆر دەگوازنەوە بۆ ئەوێ، هەندێ خەڵك دڵخۆشبوون پێی و هەندێكیش بە سادەیی وەریانگرت".