مەترسی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەرانی کورد لە یۆنان هەیە؛ 70 سەرنشینی لەسەرە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری رێکخراوی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا رایگەیاند بەلەمێکی کۆچبەران کە نزیکەی 70 کۆچبەری کوردی هەڵگرتووە، بەهۆی کونبوونییەوە ئەگەری ژیرئاوکەوتنی هەیە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 07-08-2024) پێشڕەو عەبدوڵڵا، نوێنەری رێکخراوی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەورووپا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەلایەن کەسوکاری سەرنشینانی بەلەمێکی کۆچبەران کە نزیکەی 70 کۆچبەری لەسەرە، ئاگادارکراوینەتەوە سێ کاژێر دەبێت بەلەمەکەیان کون بووە و مەترسیی ژێرئاوکەوتنی هەیە، پۆلیس و هێزەکانی دەریاوانیشمان لێ ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام هیچیان نەکردووە."
بەگوتەی پێشڕەو عەبدوڵڵا بەلەمەکە لە نزیک دوورگەی زاکینتۆشە، کە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای یۆنان، ئەو کۆچبەرانە ویستوویانە لە تورکیاوە بە رێگەی ئاوی بگەنە ئیتاڵیا، دواتر وڵاتانی دیکەی ئەورووپا، بەڵام بەلەمەکەیان کون بووە.
ئەو کۆچبەرانە کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستانن، کەسوکاریان نوێنەری پەنابەرە گەڕاوەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە بە هانایانەوە بچن.
نوێنەری ئەو رێکخراوە گوتی "پەیوەندیمان بە هێزەکانی پاسەوانیی سنووری یەکێتیی ئەورووپا و هێزەکانی دەریاوانیی یۆنان کردووە، دوو کاژێر دەبێت هێزێکی دەریاوانیی یۆنان لە نزیک ئەو کۆچبەرانەن، بەڵام بەهانایانەوە ناچن."
بەپێی راپۆرتێکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران؛ لە ماوەی ساڵانی نێوان 2015 تاوەکو شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 591 کەس لە رێگەی گەیشتن بۆ ئەورووپا بوونەتە قوربانی، لەوانە 343 کەسیان گیانیان لەدەستداوە، 248ـیشیان بێسەروشوێنن.