ئیسرائیل: سیستەمی گومەزی ئاسنین ئاسایشمان لە مووشەکەکانی کەرتی غەززە دەپارێزێت


رووداو دیجیتاڵ

سیستەمی دژەمووشەکی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل توانای تێکشکاندنی مووشەکەکانی لە دووری نێوان 4 تاوەکو 70 کیلۆمەتر هەیە و ئیسرائیل دەڵێت، سیستەمەکە ئاسایشی وڵاتەکە لە مووشەکەکانی کەرتی غەززە دەپارێزێت.
 
سیستەمی گومەزی ئاسنین بەرهەمی پیشەسازیی سەربازی ئیسرائیلە و لە 2011وە خراوەتەکار، هەر یەکەیەکی لە 4 سەکۆی مووشەکهاوێژ پێکهاتووە و هەر سەکۆیەکی 20 مووشەک لە خۆدەگرێت.
 
سەرباری ئەو تەکنەلۆژیا بەرزەی تێیدا بەکارهاتووە، گومەزی ئاسنین، هێشتا خاڵی لاوازی هەیە؛ لە هەر 100 مووشەکێك کە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن، سیستەمەکە 90یان تێکدەشکێنێت و 10 دانەیان دەکەونە خوارەوە و زیانی گیانی و ماددییان لێدەکەوێتەوە.
 
لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا، لە گەڕەکی شاری سدیرۆتی نزیک لە باکووری غەززە، مووشەكێك لە سیستەمی گومەزی ئاسنین دەرباز بوو و لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون کەوتە خوارەوە.
 
یارۆن ساسۆن، ئەفسەرێکی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "خۆشبەختانە مووشەکەکە لە سەربانی ماڵی خێزانێکی 4 نەفەری کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێكی نییە. بە گشتی ئێمە ئامادەی وەڵامدانەوەی هەموو هەڕەشەیەکین و مووشەکی گرووپە تیرۆریستەکانی نێو غەززە تێکدەشکێنین".
 
ئیسرائیل کە گومەزی ئاسنین بە شانازی نەتەوەیی جووەکان ناودەبات، پلانی هەیە ژمارەیان لە 10وە بۆ 15 دانە زیاتر بکات و مەوداکەشیان لە 70 کیلۆمەتر بۆ سەرووی 250 کیلۆمەتر بەرز بکاتەوە.