سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بناسە؛ لە زۆربەی سیاسەتڤانانی سەردەم ناچێت

رووداو دیجیتاڵ

کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا پێشتر وەک پارێزەر لە بواری مافی مرۆڤ و داواکاری گشتی کاری کردووە. 
 
ستامەری تەمەن 62 ساڵ، بەتەمەنترین کەسە کە لە نێو سەدەی رابردوودا پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای وەرگربێت. 
 
9 ساڵ لەمەوبەر، بۆ یەکەمین جار وەک پەرلەمانتار هەڵبژێردرا؛ خاوەن هاوژین و دوو منداڵە و لە زۆربەی سیاسەتڤانانی سەردەم ناچێت، بەو پێیەی پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار، ئەزموونێکی درێژ و بەرچاوی هەبوو و روانگەکانی زیاتر لە راستبینییەوە سەرچاوە دەگرن، وەک لە بیردۆز و ئایدیۆلۆجی. 
 
ستامەر چەندین جار لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتی "پێویستە سیاسەت بکەینە خزمەت،" بەڵێنیشیدا کە لە دوای 14 ساڵی فەرمانڕەوایی پەشۆکاوی پارێزگاران لە سایەی پێنج سەرۆکوەزیرانی جیاجیادا "وڵات بە یەکەم و حیزب بە دووەم" دابنێت. 
 
لایەنگرانی ستامەر بە جۆشوخرۆشەوە پێشوازی لەو بەڵێنانەی دەکەن و چاویان لەوەیە، وەک چۆن مامەڵەی لەگەڵ کاری پێشووی خۆی لە بواری یاسادا دەکرد، بەو شێوەیەش، واتە بە جیدی و وردی، ئەرکەکانی سەرۆکوەزیران راپەڕێنێت. 
 

بەڵام رەخنەگرەکانی وای نایبینین، بەڵکو پێیانوایە کەسێکە سواری شەپۆلی دەرفەتەکان بووە و زوو زوو هەڵوێستەکانی دەگۆڕێت؛ دەشڵێن، تاوەکو ئێستا روانگەیەکی روونی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات نییە. 
 
ستامەر هاندەرێکی شێتانەی ئارسیناڵە، بەڵام لە پێشاندانی کەسایەتیی کراوەی خۆی، دوور لە قات و بۆینباخ و دەموچاوی جیدی، رووبەڕووی زەحمەتی دەبێتەوە. 
 
لایەنگرەکانی دان بەوەدا دەنێن کە وەک سەرۆکوەزیرانەکانی پێش خۆی، وەک بۆریس جۆنسن، کاریزمای نییە، بەڵام دەڵێن، باشییەکەی لەوەدایە کە بەرچاوی روونە و دوای چەندین ساڵی خۆخزمەتکردنی پارێزگاران، بەریتانیا راستەڕێدەکاتەوە. 
 
بە قژە ماشوبرنجییەکەی و چاویلکە چوارچێوە رەشەکەی، ستامەر دیارترین سەرکردەی چینی کرێکارەکە لە چەند دەیەی رابردوودا پارتە چەپە میانڕۆکە بەخۆیەوە بینبێتی. 
 

ستامەر جار جار بە دەنگدەرانی دەگوت "باوکم وەستا بوو، دایکم پەرستار،" بۆ ئەوەی ئەو وێنەیە بڕەوێنێتەوە کە نەیارەکانی بۆیان دروستکردبوو بەوەی کە کەسێکی لووتبەرز، لیبراڵ و خانەدانی لەندەنە. 
 
دوورخستنەوەی چەپڕۆیە تووندڕۆکان لە پارتەکەی، ئەو رووە تۆخ و جیدییەی ستامەر بوو کە ئەوی گەیاندە باڵاترین پۆستی سیاسیی بەریتانیا، بەڵام دەگوترێت دوور لە چاوی میدیا و رای گشتی، کەسێکی کراوەترە، گاڵتە و گەپی زۆرە و دڵسۆزی هاوڕێکانیشییەتی.
 
ستامەر وەک نەریتێک، لە رۆژانی هەینیدا لە دوای کاژێر شەشی ئێوارە دەستبەرداری کار دەبێت بۆ ئەوەی کات لەگەڵ ڤیکتۆریای هاوژینی و منداڵەکانیان بباتە سەر. هاوژینەکەی ستامەر لە فەرمانگەی تەندروستیی نیشتمانی کاردەکات. دوو منداڵەکانیشی لە تەمەنی هەرزەکاریدان. 
 
دیارترین پارێزەر
 
ستامەر لە 2ـی ئەیلوولی 1962 لەدایکبوو و لە کۆنە خانوویەکی دەرەوەی لەندەن لە لایەن دایکێکی تووشبووی نەخۆشیی قورسەوە دوور لە سۆزی باوک گەورە کرا. 
 

ستامەر، سێ خوشک و برای دیکەی هەبوو. یەکێکیان نەخۆشیی بیرکۆڵی هەبوو. دایک و باوکیان ئاژەڵیان خۆشدەویست و گوێدرێژیان رزگار و چارەسەردەکرد. 
 
وەک میوزسیانێکی بەهرەدار، ستامەر وانەی ژەنینی کەمانی وەرگرتووە. 
 
دوای خوێندنی یاسا لە زانکۆکانی لیدز و ئۆکسفۆرد، ستامەر بڕیاریدا بایەخ بە بەها چەپەکان بدات و بەرگری لە سەندیکاکان بکات. 
 
ئەو هاوڕێی ئەمەل کلونی، پارێزەری بواری مافەکانی مرۆڤە و پێکەوە لە بوارەکەدا کاریان کردووە.
 
ستامەر لە ساڵی 2003ـدا هاوڕێ و هاوکارەکانی تووشی سەرسووڕمان کرد کاتێک لە نێو کەرتی حکومیدا دەستی بە کارکردن کرد. یەکەمین کاریشی بەدواداچوون بوو بۆ پۆلیسی ئایرلاندی باکوور، کە تاوەکو چەند پابەندی یاسای مافەکانی مرۆڤە. 
 
پێنج ساڵ دواتر، ئەو کاتەی گۆردن براونی سەر بە پارتی کار سەرۆکوەزیران بوو، ستامەر کرایە بەڕێوەبەری نووسینگەی داواکارانی گشتیی ئینگلاند و وێڵز.
 
ستامەر لەنێوان 2008 و 2013، سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی لەو پەرلەمانتارانەی کە گەندەڵیی داراییان کردووە، ئەو رۆژنامەڤانانەی تەلەفۆنەکانیان هاککردووە و ئەو گەنجانەشی پشێویان لە ئینگلاند نابووەوە، کرد. 
 
سەرۆکوەزیرانی ئێستای بەریتانیا لە لایەن شاژن ئیلیزابێسی دووەمەوە وەک رێزلێنانێک ناسناوی "سێر"ـی پێ دراوە، بەڵام بە دەگمەن پێشگرەکە بەکاردێنێت. لە ساڵی 2015، بە ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا. 
 
چەند هەفتەیەک پێش هەڵبژاردنی، دایکی بە نەخۆشییەکی دەگمەن کە ماوەی چەندین ساڵ بوو لە جووڵەی خستبوو، گیانی لەدەستدا. 
 
یاخیبوون
 
تەنیا ساڵێک دوای ئەوەی بووە پەرلەمانتار، ستامەر چووە پاڵ یاخیبوونی پەرلەمانتارانی پارتەکەی لە جێرمی کۆربن، کە پێیانوابوو نەیتوانیوە لە کاتی گشتپرسیی جیابوونەوە لە یەکێتیی ئەورووپا، بە باشی سەرکردایەتیی پارتەکە بکات. 
 
یاخیبوونەکە نەیتوانی کۆربن دووربخاتەوە. هەر لە ساڵی 2016، ستامەر بووە گوتەبێژی پارتی کار بۆ کاروباری برێکزیت، تا ئەو کاتەی شوێنی کۆربنی گرتەوە، دوای ئەوەی پارتەکەیان لە ساڵی 2019، خراپترین دۆڕانی خۆی لە دوای ساڵی 1935ـەوە لە هەڵبژاردنی گشتیدا تۆمارکرد. 
 
ستامەر جەماوەری پارتەکەی گەڕاندەوە و کۆربنی دوورخستەوە. 
 
دۆمینیک گریڤ کە وەک داواکارێکی گشتی لە نزیکەوە لەگەڵی کاری کردووە، دەڵێت ستامەر "هەستی دڵسۆزی دەبەخشێت، چونکە کەسێکی لێهاتووی شەفاف و راستبینە." 
 
بەڵام چەپەکان تۆمەتباری دەکەن بەوەی ناپاکی کردووە و دەستبەرداری ژمارەیەک بەڵێنی پێشووی بووە، لەوانەش نەهێشتنی پارەی خوێندن لە زانکۆ.