گالەری

07-07-2024
18 Photos
تەنیا ئەحمەد

رووداو دیجیتاڵ

دانیشتووانی شاری بارسێلۆنا لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا لە ژمارەی زۆری گەشتیاران بێزار بوون. گەشتیاری لەو شارە نرخی خانووبەرەی بە شێوەیەکی زۆر بەرز کردووەتەوە.

رۆژی شەممە 06-07-2024 بە درووشمی (بەسە! با سنوور بۆ گەشتیاری دابنرێت) نزیکەی دوو هەزار و 800 کەس رژانە سەر شەقامەکانی شاری بارسێلۆنا.

جۆردی گویو، دانیشتووی شاری بارسێلۆنا گوتی "دژی گەشتیاری نیم، بەڵام لێرە لە بارسێلۆنا بەدەست زۆریی گەشتیارانەوە دەناڵێنین و شارەکەمان شوێنی ژیانی تێدا نەماوە."

بەهۆی زۆریی گەشتیارانەوە، نرخی خانووبەرە 68٪ بەراورد بە 10 ساڵ لەمەوبەر بەرزبووەتەوە.

ئەنجوومەنی شاری بارسێلۆنا 10 رۆژ لەمەوبەر بەرنامەیەکی بەناوی (رووبەڕووبوونەوەی کاریگەریی نەرێنیی زۆریی گەشتیاران) دەستپێکرد، یەکێک لە بڕیارەکانی ئەوەیە، شوقە بە کرێ بە گەشتیاران نەدرێت.

ساڵی رابردوو ئیسپانیا دوای فەرەنسا دووەم وڵات بوو کە زۆرترین گەشتیار رووی تێکردبێت. لەو ساڵەدا نزیکەی 100 ملیۆن گەشتیار چوونە فەرەنسا و نزیکەی 85 ملیۆنیش چوونە ئیسپانیا.

بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئیسپانیا، 18 ملیۆن لەو گەشتیارانە چوونەتە هەرێمی کەتەلۆنیا و 12 ملیۆن لەوانیش چوونەتە بارسێلۆنا.

وێنەکان: AFP