لە ئاهەنگێکی لەدایکبووندا لە ئەمریکا تەقەکەرێک چوار کەسی کوشت


رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی ئەمریکا دەڵێت، لە ئاهەنگێکی لەدایکبووندا کەسێک تەقەی لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە کردووە و چوار کەسی کوشتووە و دواتریش خۆی کوشتووە.
 
رۆژی شەممە 06-07-2024، پۆلیسی ویلایەتی کێنتەکی لە ئەمریکا بڵاویکردەوە: "کەسێک تەقەی لە حەوت ئەندامی خێزانێک کردووە و چواریانی کوشتووە."
 
پۆلیس دەڵێت، دوای گەیشتنیان بە شوێنی رووداوەکە لە باکووری کێنتەکی، تەقەکەرەکە بە ئۆتۆمبێل رایکردووە و پۆلیس دوای کەوتووە.
 
ئۆتۆمبێلی تەقەکەرەکە کەوتوەتە نێو چاڵێک. پۆلیس دەڵێت، دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی وەستاوە، تەقەکەرەکە گوللـەیەکی بە خۆیەوە ناوە و خۆی کوشتووە. 
 
هەر لە تەقەکردنەکەدا سێ کەس بریندار بوون و برینی سێ کەس لەوانیش سەختە.
 
بەگوتەی پۆلیس ئەوانەی کوژراون، تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 44 ساڵە.
 
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، ساڵی رابردوو 40 هەزار و 167 کەس بەهۆی تەقەکردنەوە لە ئەمریکا کوژراون، واتە رۆژانە تێکڕا 118 کەس.